كۆبوونەوەی ماڵی عەدنان حەمەی مینا چی بوو؟

:: PM:06:35:24/01/2023 ‌
"وشە" نهێنی كۆبوونەوەیەكی باڵی بەرهەم ساڵحی لەناو یەكێتی دەستكەوت، كۆبوونەوەكە لەماڵی عەدنانی حەمەی مینا كراوە و تیایدا بەرهەم ساڵح و حامیدی حاجی غالی و مەحموود سەنگاوی ئامادە بوون. 

ئەمڕۆ سێشەم 24ی كانوونی دووەم، بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" هەفتەی پێشوو كۆبوونەوەیەك لەماڵی عەدنان حەمەی مینا هەبووە، لە كۆبوونەوەكەدا، بەرهەم ساڵح، حامید حاجی غالی، مەحموود سەنگاوی و بارزان ئەحمەد كوردە ئامادە بوون.

كۆبوونەوەكە وەك رێكخستنەوەی باڵی بەرهەم ساڵح بووە لەناو یەكێتی، چونكە ئەوانەی لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون هەموویان لەسەر ئەو حیسابن، بۆیە وەك سەرچاوەیەكی نزیكی "وشە" لە كۆبوونەوەكەدا گوتی، بەرهەم ساڵح چەند پێشنیارێكی خستووەتە بەردەم ئامادەبووان كە یەكێك لەوانە پێكهێنانەوەی لیست بووە. 

پێشنیارەكەی بەرهەم ساڵح هەر زوو لەلایەن حامیدی حاجی غالی رەت كراوەتەوە
بەڵام پێشنیارەكەی بەرهەم ساڵح هەر زوو لەلایەن حامیدی حاجی غالی رەت كراوەتەوە و زۆر بەتوندیش قسەی كردووە كە "ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیەو بۆ بابەتێكی وایە ئەو ئامادە نییە لێرە بێت".

سەرچاوەكە دەڵێ‌، مەحموود سەنگاوی كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە، جیاواز لە جاران دەركەوتووە، تەنانەت وەك هاوڕێ‌ مامەڵەی كردووە نەك هاوسەنگەر و حزبی.

هەمان سەرچاوە باس لەوە دەكات كە لە كۆبوونەوەكەدا هیچ قسەیەك لەسەر كێشەی نێوان لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكانی یەكێتی نەكراوە، بەڵام ئاماژەیان بەوە كردووە كە پێویستە دۆخی یەكێتی تاسەر وا بەردەوام نەبێت.

بەرهەم ساڵح لە كاندیدی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق شكستی هێنا، ئێستە لە مێرگەپان دادەنیشێ‌ و هیچ پلەیەكی حزبی نییە جگە لەوە ناو بەناو هەندێك جموجۆڵ دەكات. لەماوەی رابردوویشدا هیچ هەڵوێستێكی لەسەر كێشەكانی ناو حزبەكە نەبووە.



وشە - وشه‌