مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟

:: PM:07:47:24/01/2023 ‌

پێدەچێت لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فڕەنسا، بۆچوونی خۆی لەبارەی مانەوەی لە خولی تۆپی پێی فڕەنسا و بەردەوامبوونی لەگەڵ تیمەكەی ئێستەی گۆڕی بێت، لەوكاتەی قسە لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یارنەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەكرێت.

گرێبەستی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵ، واتە لە 30ی حوزەیرانی 2023 كۆتایی دێت، لە كانوونی یەكەمی رابردوو رۆژنامەی "لو باریزیان"ی، فڕەنسی و فابریتسیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەوانی پسپۆڕ لە بواری گواستنەوەی یاریزانەكان باسی ئەوەی كرد، مێسی گەیشتووەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی تر لەگەڵ پاریس سانجێرمان.  

كەچی راپۆرتە نوێیەكان ئەوە رەت دەكەنەوە، كاتێك جیرارد رۆمیرۆ، رۆژنامەوانی ئیسپانی دەڵێت، مێسی دوودڵە لەبارەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ سانجێرمان و تا ئێستە بیر لە بژارەكانی بەردەمی دەكاتەوە، بۆیە لەمڕۆوە ئەو نایەوێ گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەو یانە فڕەنسییە نوێ بكاتەوە، چونكە بردنەوەی جامی جیهان لە قەتەڕ بیركردنەوەی گۆڕیوە و ئێستە گرنگی بە شتی تر دەدات.

رۆژنامەی "ماركا"ی ئیسپانی دەڵێت، ئێستە یانەی بارسێلۆنا دیارترین یانەكانە كە ئەگەری هەیە گرێبەست لەگەڵ مێسی ساز بكات، ئەگەریش هەیە مێسی بە گەڕانەوە بۆ یانەكەی پێشووی رازی ببێت، بەڵام ئەگەر ئەوەی بوێت، دەبێت دەستبەرداری بەشێكی مووچەكەی بێت، بۆ گونجان لەگەڵ دۆخی دارایی ئێستەی یانەی بارسێلۆنا، بەڵام جیا لەو یانە كەتەلۆنییە، یانەی تریش هەن گرنگی بە مێسی دەدەن، لەوانە ئینتەر مەیامی ئەمەریكی و هیلالی سعوودی و نیوڵز ئۆڵد بویزی ئەرجەنتینی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل