هەناردەی نەوتی كوردستان راگیرا

:: PM:02:03:06/02/2023 ‌
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆڕیی هەرێم – توركیا راگیرا و بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانی پشكنین، پرۆسەی هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی شوبات، لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی توركیا و سووریای گرتەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی هەناردەكردنی نەوت و خۆپارێزی لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو، هەناردەی نەوت راگیرا.

باس لەوەش كراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەكردنی نەوت لە بۆریی هەرێم – توركیا راگیرا و بڕیارە دوای تەواوبوونی كارەكانی پشكنین، پرۆسەی هەناردەكردن دەست پێ بكاتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سەعات  4:17 بوومەلەرزەیەك بە پلەی 7.8 بە پێوەری رێختەر، سنووری نێوان سووریا و عێراق و توركیای گرتەوە كە چەقی كاریگەریی بوومەلەرزەكەش، زیاتر شاری مەڕەش و باكوری رۆژهەڵاتی شاری غازی عەنتاب بووە كە بە دووری 22 كیلۆمەتر و قووڵایی 10 كیلۆمەتر بووە.
 
‎دوای سێ خولەك لە بوومەلەرزەكەی شاری مەڕەش و غازی عەنتاب، لە سەعات 4:20 لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەستی پێ كرا كە مەزندە دەكرێت پلەكە 4.7 بە پێوەری رێختەر، كاریگەری لە هەرێمی كوردستان هەبووبێت و لە پارێزگای دهۆك زیاتر هەست بە رووداوی بوومەلەرزەكە كراوە.


وشە - رامیار جەواد