شه‌وی یه‌كشه‌م له‌سه‌ر دووشه‌م سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و شاندێكی یاوه‌ری گه‌یشتنه به‌غدا، له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه و دواتریش له‌گه‌ڵ سوودانی و حه‌لبووسی و له‌تیف ڕه‌شید سه‌ركۆماری عێراق كۆبووه‌وه، هاتنی باڵاترین به‌رپرسی دیپلۆماسی ڕووسیا بۆ به‌غدا له كاتێكدا كه وڵاتانی ڕۆژئاوا چڕترین گه‌مارۆ و سزایان به‌سه‌ر مۆسكۆ سه‌پاندووه، خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام شاره‌زایان نایشارنه‌وه، كه ڕووسیا ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ ئێران و عێراق و توركیا و سووریا پێوه‌ندییه‌كی تۆكمه و ستراتیجی هه‌بێت، تا ئه‌و وڵاته بخاته ڕیزی خۆیه‌وه كه كه‌وتوونه‌ته سه‌ر ڕێگه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیجی بازرگانیكردن و بڕێكی یه‌كجار زۆر نه‌وت و گازی سروشتیان هه‌یه.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی
لاڤرۆڤ دوای ئه‌وه دێ، مانگی ڕابردوو گه‌شتێكی درێژی دیپلۆماسی و سیاسی بۆ وڵاتانی باشووری ئه‌فریقا ئه‌نجام دا، ئێسته‌یش هاتنی بۆ عێراق، به هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی ڕووسیا بۆ شكستهێنان به سزا و گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا داده‌نرێ، هاوكات دروستكردنی پردی پێوه‌ندییه له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر، دوای ئه‌وه‌ی زۆرێك له وڵاتانی ڕۆژئاوا پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ گه‌یشتووه‌ته خراپترین ئاست، له ڕێی دروستكردنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تریش، مۆسكۆ ده‌یه‌وێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی ببێته‌وه و زۆرترین وڵاتانی دنیا بخاته ڕیزی خۆیه‌وه.
عێراق به‌هایه‌كی گرنگ و گه‌وره‌ی بۆ ڕووسیا هه‌یه، ئه‌گه‌ر بتوانێ به ته‌واوی به‌غدا بكات به پشتیوانی خۆی و پێوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و مۆسكۆ زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆن، چونكه له 2003 ئه‌مه‌ریكا عێراقی داگیركرد و ئه‌و وڵاته به یه‌كێك له‌و شوێنانه داده‌نرێ كه ئه‌مه‌ریكا پێگه و هه‌ژموونی به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مۆسكۆ ئه‌وه پێچه‌وانه بكاته‌وه، به دڵنیاییه‌وه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی دیپلۆماسی و سیاسی به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا تۆمار ده‌كات.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی میدیاكانی ڕووسیا بڵاویان كردووه‌ته‌وه، به‌غدا و مۆسكۆ له ساڵانی نه‌وه‌د و هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردوو هاوبه‌شی سه‌ره‌كی و گرنگی یه‌كتربوون، به‌ڵام ئێسته عێراقییه‌كان ناوی ڕووسیا ته‌نیا له كاتی باسكردن له پرۆژه‌كانی نه‌وت و گاز ده‌بیستن، ئه‌میش له ڕێی كۆمپانیای گازپرۆم و رۆسنه‌فتی ڕووسییه‌وه، بۆیه ئێسته مۆسكۆ هه‌وڵ ده‌دا پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر فره‌وانتر بكات و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تریش بگرێته‌وه، به به‌هێزی بتوانێ جارێكی تر عێراق بكاته‌وه به هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانێكی گرنگ و سه‌ره‌كی خۆی.
له‌و پێناوه‌دا بڕیار و ڕاسپارده‌كانی لێژنه‌ی ڕووسی عێراقی بۆ هاریكاری بازرگانی و ئابووری و زانستی كه له ئاب/ئۆگه‌ستی 2022 له مۆسكۆ كۆنگره‌ی خۆیان ئه‌نجام دا، چه‌ندان ڕاسپارده‌یان بۆ پێشخستنی پێوه‌ندی هه‌ردوو وڵات خسته ڕوو و ئێسته‌یش ڕووسیا هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕاسپاردانه ده‌دات، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش پشتیوانی ته‌واوه‌تی ڕووسیای بۆ سوودانی و حكوومه‌ته‌كه‌ی دووپات كردووه‌ته‌وه بۆ گره‌نتیكردنی ئارامی و ئاسایش له سه‌رتاسه‌ری عێراق.
له‌لایه‌كی تره‌وه عێراق سنوورێكی فره‌وانی له‌گه‌ڵ سووریا هه‌یه و سووریایش به شوێنپێ ڕووسیا له ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه مۆسكۆ ده‌یه‌وێ عێراق هان بدات تا له هه‌موو ڕووێكه‌وه ڕۆڵی زیاتر له سه‌پاندنی هێزی ڕژێمی به‌عسی سووریا به‌سه‌ر ته‌واوی وڵاته‌كه ببینێت. له‌سه‌ر پرسی هێرشی ڕووسیایش بۆ ئۆكراینا سه‌ره‌ڕای فشاره نێوده‌وڵه‌تییه زۆره‌كان له‌سه‌ر وڵاتان تا له دژی ڕووسیا بوه‌ستنه‌وه، به‌ڵام عێراق تا ئێسته بێلایه‌نی و میانڕه‌وی خۆی پێشانداوه، بۆیه ڕووسیا ده‌یه‌وێ له ڕێی ئێران و میلیشیاكانه‌وه كه قووڵترین كاریگه‌رییان به‌سه‌ر به‌غدا و حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌یه، بۆچوون و هه‌ڵوێستی عێراق بۆ پشتیوانیكردنی ڕووسیا له شه‌ڕی ئۆكراینا بگۆڕێت.
به تایبه‌ت كه ئێران خۆی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه و نه‌ك هه‌ر له ڕووی سیاسی و بازرگانی و دیپلۆماسییه‌وه پشتیوانی هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا ده‌كات، بگره فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیش ڕاده‌ستی هێزه‌كانی ڕووسیا كردووه و ده‌كات، تا له دژی ئۆكراینییه‌كان به‌كاری بهێنن، سه‌ركه‌وتووبوونی ڕووسیایش له ڕێی هه‌ژموونی ئێرانه‌وه به‌سه‌ر عێراق، بۆ گۆڕینی هه‌ڵوێستی عێراق له بێلایه‌نییه‌وه بۆ پشتیوانیكردنی ڕووسیا له هێرشی بۆ سه‌ر ئۆكراینا به‌هایه‌كی زۆر گرنگ و گه‌وره‌ی بۆ مۆسكۆ ده‌بێت، چونكه ئه‌مه‌ریكا ملیاران دۆلاری له عێراقی دوای سه‌دام خه‌رج كرد و ئێسته‌یش به‌غدا به ته‌واوی دژی ئه‌مه‌ریكا و سیاسه‌ته‌كانی بوه‌ستێته‌وه و پشتیوانی مۆسكۆ بكات، بۆ ڕووسیا ده‌سكه‌وتێكی زۆر مه‌زن و گه‌وره‌یه.
ئامانجه‌كانی مۆسكۆ به ته‌واوی له ناوچه‌كه ڕوون، ئێسته ئێران و سووریا هاوپه‌یمانی ستراتیجی ڕووسیان، هانی توركیایش ده‌دا تا پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ئاسایی بكاته‌وه، عێراقیش له‌و نێوه‌نده‌دا بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه، ده‌توانێ ناو دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرێته‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی له ڕووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و وزه‌وه به‌كاری بهێنێت.