حكوومەتی عێراق ناچاری پاشەكەوتی مووچە دەبێت؟

:: PM:08:07:06/02/2023 ‌

بەدەر لە تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار، تەنگژەیەكی تر وەك لێكەوتەی ئەو تەنگژەیە هەیە، كە كەمتر باس دەكرێت، بەڵام كاریگەری زیاترە، ئەویش نەمانی سیولەی دیناری عێراقییە بەدەستی حكوومەتەوە،  شارەزایان وریایی لەبارەوە دەدەن بەوەی حكوومەت نەتوانێت لە داهاتوودا مووچە بدات، بۆیە ناچاری گرتنەبەری دوو رێگە دەبێت، كە هەردووكیان خراپن.

دوای تەنگژەی دۆلار، كە چاوەڕوان دەكرێت لە دوای سەردانی شاندی دارایی عێراق بۆ واشنتن لە 8 و 9ی ئەم مانگە گۆڕانكاری بە باشی یان خراپتر بەسەردا بێت، تەنگژەیەكی تر خۆی مەڵاس داوە، ئەویش بێتوانایی حكوومەتی عێراقە لە دابینكردنی دینار بۆ مووچە و خەرجییەكانی، بەهۆی كەمی سیولەوە، چونكە 95%ی داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتە بە دۆلار، كە لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە دەكرێتە دینار و مووچەی پێ دابین دەكرێت، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی فرۆشتنی دۆلار لە بانكەكە، دەستكەوتنی دیناری كەم بووەتەوە.

عەبدورەحمان مەشهەدانی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری دەڵێت، لە داهاتوودا مەترسییەكی رژد بەهۆی بێتوانایی حكوومەت لە دانی مووچە هەیە، چونكە زیاتر لە سێ مانگە فرۆشیی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی بۆ كەمتر لە 100 ملیۆن دۆلاری رۆژانە كەمی كردووە، كە مانگانە دەگاتە نزیك دوو ملیار دۆلار، لەوكاتەی عێراق پێویستی بە 5.5 ملیار دۆلار هەیە بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی، كە نەوت بە دۆلار دەفرۆشرێت و لە بانكی ناوەندیش دۆلارەكە دەكرێتە دینار و حكوومەت دەیداتە مووچە و خەرجییەكان، كە ئەوەش كەمی كردووەتەوە. 

ئەو شارەزایە ئاشكرای دەكات كە حكوومەتی عێراق سەرچاوەی تری بۆ دەستكەوتنی دینار نییە و زۆرینەی لە گیرفانی هاووڵاتییانە، ئامرازە بانكییەكان لە قەواڵە و چەكیش كاریگەریان نییە و سیستمی باج و رسووماتی گومرگیش شكستخواردووە، تەنانەت حكوومەت ناتوانێت پارەی كارەباش كۆ بكاتەوە، دووپاتی كردەوە، ئێستە زیاتر لە 77%ی پارەی دینار لای خەڵكە و بانكی ناوەندیش دیناری نییە و ئەوەی بۆی هاتووە مانگانە خەرجی كردووە.

ئەو شارەزایە ئاشكرای كرد كە ئێستە حكوومەتی عێراق دوو بژارەی لەپێشە، هاوشێوەی ئەزموونی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات بە پاشەكەوتی بەزۆری مووچە، یان پارەی نوێ چاپ بكات و مووچەی لێ دابەش بكات، كە شارەزایان ئەوە پەسند ناكەن، چونكە بەهای دیناری عێراقی زیاتر دادەبەزێنێت.

لای خۆیەوە محەمەد حوسنی، شارەزایەكی تری ئابووری ئاماژە دەكات كە ئەو قسەی هەندێك لە شارەزایان باسی دەكەن بەوەی حكوومەت بۆ خۆلادان لە تەنگژەكە و نووچخواردن لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران پەنا بۆ دانی مووچە بە دۆلار ببات راست نییە، چونكە ئەو بابەتە پێوەستە بە سەروەری نیشتمانی و كێشەی گەورەی ئابووری بەدواوە دێت، بەهای دیناری عێراقیش زیاتر لەوەی هەیە دادەبەزێنێت.

روونی كردەوە، تا ئێستە حكوومەت بەتەواوەتی بێتوانا نەبووە لە دانی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان، ئەو سیولەی دارایی پێویستی هەیە كە بتوانێت بۆ ماوەی چەند مانگێك بەرگە بگرێت، جیا لەوە حكوومەت توانای قەرزكردن و فرۆشتنی پشك و قەواڵەی هەیە، وەك ئەوەی پێشتر لە 2019 لەكاتی تەنگژەی دارایی كردوویەتی.

لای خۆیەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەوەی هەندێك باسی دەكەن بەوەی حكوومەت توانای دانی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی لە داهاتوو نییە، راست نییە و تەنیا دەنگۆ و پێشبینی تەسكە و هاووڵاتییان ئەزیەت دەدات، دووپاتی كردەوە كە دەوڵەت دەستەوەستان نەوەستاوە و چارەسەری بۆ هەموو كێشەكان دەدۆزێتەوە كە رووبەڕووی دەبنەوە. 

روونی كردەوە كە دەوڵەت چەندان ئامرازی خۆی هەیە كە دەتوانێت لە رێگەیانەوە چارەسەری دۆخەكە و ئەو تەنگژەی هەیە بكات، لەوانە قەرزكردن یان هاندان بۆ پاشەكەوتكردن لە رێگەی زیادكردنی سوودی بانكی و ئامرازەكانی قەرز كە حكوومەت دەریان دەكات، ئاشكراشی كرد كە سیولە بە دوو رێگەوە دێت، بەرزبوونەوەی نرخی دینار و زیادبوونی نرخی سوود.

شایەنی باسە بەپێی ئامارە فەرمییەكان لە عێراق، كە ژمارەی دانیشتووانی بە 42 ملیۆن كەس خەمڵێندراوە، زیاتر لە چوار ملیۆن فەرمانبەر و سێ ملیۆن خانەنشین هەن، جیا لە دوو ملیۆن كەس كە مووچەی تۆڕی كۆمەڵایەتی وەردەگرن، بۆیە شارەزایانی ئابووری دەڵێن 70%ی بودجەی عێراق بۆ بودجەی بەكارخستن وەك مووچە و خەرجییەكانی تر دەچێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل