له زنجیره چالاكییه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی لاو شیشار ئه‌سوه‌د، نوێترین به‌رهه‌می گۆرانیی خۆی به‌ناوی "بردمانۆ"ی له سلێمانی تۆمار كرد و بڕیاریشه به‌مزووانه كلیپی بۆ بكات.
شیشار ئه‌سوه‌د له‌باره‌ی به‌رهه‌م نوێیه‌كه‌یه‌وه، بۆ "وشه" رای گه‌یاندووه، نوێترین به‌رهه‌می گۆرانیم "بردمانۆ"یه كه به‌مدواییه له ستۆدیۆی "ئاریۆس" له شاری سلێمانی تۆمارم كرد. ئاماده و دابه‌شكردنی موزیكی گۆرانییه‌كه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ئاریۆس كاری بۆ كراوه.
زیاتر گوتی، میلۆدیی گۆرانییه‌كه له ره‌سه‌نی كوردی یان فۆلكلۆره و تێكسته‌كه‌یشی به جوانكارییه‌وه له فۆلكلۆر هه‌ڵێنجراوه، زۆربه‌ی ئه‌و ئامێره موزیكییانه‌یشی تێدا به‌كار هاتوون، ئامێری ره‌سه‌نی كوردین كه ریتمی گۆرانییه‌كه خێرا و شاده.
نیازی هه‌یه له نزیكترین كاتدا كلیپ بۆ ئه‌و گۆرانییه‌ی بكات
شیشار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه نیازی هه‌یه له نزیكترین كاتدا كلیپ بۆ ئه‌و گۆرانییه‌ی بكات، كلیپێك له ئاستی ریتمی گۆرانییه‌كه و تێكسته‌كه‌ی بێت.
شیشار ئه‌سوه‌د له ساڵی 1989 له كه‌ركووك له دایك بووه و له ساڵی 2000وه له بواری گۆرانی و موزیكدا كار ده‌كات. جیا له گۆرانیگوتن كه تا ئێسته پێنج گۆرانیی تۆمار كردووه، به‌شداری له چه‌ندان ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵ له كوردستاندا كردووه، هاوكات ژه‌نیاری ئامێری "عوود"ـه و چه‌ند فێرخوازێكی له‌و ئامێره پێ گه‌یاندووه.