بەهای تمەن زیاتر دابەزی.. ئەمەریكا لە رێگەی عێراقەوە گورزێكی تری لە ئێران دا

:: PM:06:18:21/02/2023 ‌

تا دێت گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران توندتر و بەهێزتر دەبێت، بەدەر لەو هەموو سزایانەی ساڵانێكە بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی و رەفتارە شەڕانگێزییەكەی و دەستوەردانی لە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەكە و هەڕەشە بەردەوامەكانی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو و هاتوچۆی دەریایی و بازرگانی و وزە لە كەندا و پەرەپێدانی مووشەكی بالیستی و درۆنەكانی، تاران تەنیا عێراقی وەك بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی بەكار نەدەهێنا، بەڵكو كردبوویە پەناگەیەك بۆ دەستكەوتنی دۆلار و فرۆشتنی نەوتەكەی و شكاندی سزاكانی سەری، بۆیە ئەمەریكا لە رێگەی عێراقەوە ئەو دەروازەی لەسەر داخست.

چاودێران بۆ دۆخی ئێران ئاماژە دەكەن كە ئەو هەموو تەنگژانەی روویان لە ئێران كردووە بۆ رووخاندنی رژێمی ئەو وڵاتە نییە، چونكە ئەگەر مەبەستی زلهێزەكان ئەوە بوایە، گوشارەكانیان توندتر دەكرد و پاڵپشتی زیاتری گەلانی ئێرانیان دەكرد و تەمەنی رژێمی ئەو وڵاتە زۆر درێژ نەدەبوو، بەڵكو ئەوەی دەگوزەرێت بۆ راستكردنەوە و دەستەمۆكردن و هێنانەوەی بۆ ژێر بارەكەیە، بەوەی لە بازنەی وڵاتێكی ئاسایی دوور لە شەڕانگێزی دەتوانێت بەردەوام بێت، كە رەنگە ئەگەر وا نەكات شوێنگرەوەی ئامادە كرابێت و گۆڕانكارییەكی بەهاوشێوەی عێراق لە ئێران لەسەر ئاگرێكی هێواش خەریكی كوڵان بێت.
فوئاد حوسێن: لەگەڵ ئەمەریكا گەیشتووین بە لێكتێگەیشتن لەبارەی دۆلار و بەم نزیكانە نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێت
دوایین گورزی ئەمەریكا لە ئابووری و دراوی ئێران لە عێراق هات، خوێندنەوەی بەشێك لە چاودێران بۆ دۆخەكە وایە كە تەنگژەی دوایی دۆلار و گرتنەوەی هاتنی دۆلار لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمەریكا و جێبەجێكردنی سیستمی سویفت بۆ حەواڵەی بانكی، بووە هۆی زیادبوونی قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی عێراق و داتەپینی زیاتری بەهای تمەنی ئێران، بەهۆی نەگەیشتنی دۆلار لەو رێگایەوە بۆ تاران. 


بەم دوواییە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی و سەرۆكی شاندی عێراق بۆ واشنتن چەند لێدوانێكی دا، لەوانە زیادبوونی قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی عێراق بۆ زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری ئەمەریكی و گەیشتن لەگەڵ ئەمەریكا بە لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی هاتوچۆی دۆلار لە عێراق، هەروەها جێبەجێكردنی مەرجەكانی سیستمی ئەلیكترۆنی حەواڵەی دەرەكی بە ناساندنی تەواوەتی لایەنی سوودمەند لەو دۆلارەی لە بانكی ناوەندی و عێراقەوە دەچێتە دەرەوە، بۆیە گفتوگۆكان سەركەوتوو و باش بووە بۆ پاراستنی جومگەكانی ئابووری عێراق و رووبەڕووبوونەوەی قاچاخی دۆلار، دووپاتی كردەوە كە بەم نزیكانە نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێت. 

چاودێران پێیان وایە بۆچوونە ئەرێنییەكانی حوسێن لەبارەی نرخی دۆلارەوە، هەڵسەنگاندنی ئەرێنی ئەو پێشان دەدات لەبارەی سەركەوتنی پلانی ئەمەریكا بۆ چاودێریكردنی حەوالە دەرەكییەكانی دۆلار لە عێراق و رێگرتن لە یاریكردن و قاچاغی لەلایەن لایەنەكانی ناوخۆی عێراق بۆ دابینكردنی دۆلار بۆ ئێران، كە بەدەست سزای توندی ئەمەریكاوە دەناڵێنێت. 

لە تشرینی دووەمی 2022وەوە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا لە نیویۆرك رێوشوێنی توندی خستووەتە سەر حەواڵەی نێودەوڵەتی دۆلار لەلایەن بانكە بازرگانییەكانی عێراقەوە، لە هەنگاوێك كە بەرپرسانی ئەمەریكی و عێراقی دەڵێن، مەبەست لێی سنوورداركردنی سپیكردنەوەی پارە و قاچاخی دۆلار و حەواڵەی نایاسایی دۆلارە بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی سزای ئەمەریكایان لەسەرە، ئێستە دەبێت بانكەكانی عێراق بۆ دەستخستنی دۆلار لە بانكی ناوەندی عێراق، زانیاری تەواو لەبارەی ئەو دۆلارەی دەیكڕن لە سیستمێكی ئەلیكترۆنیدا تۆمار بكەن، كە لێوردبوونەوە بۆ داواكارییەكان دەكات و لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمەریكاوە پشكنینی بۆ دەكرێت، ئەگەر گومانی تیادا بێت دەوەستێندرێت، وەك مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی دەكات.

عێراق لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی رابردوو چووتە ناو سیستمی سویفت بۆ حەواڵەی نێودەوڵەتی، كە دەبێت رێنوێنییە توندەكانی جێبەجێ بكات، ئەوەش بۆ گەیستنی بەو یەدەگەی لە دراوی بیانی لە ئەمەریكا هەیەتی، لەو ساتەوەش بانكی فیدراڵی ئەمەریكا 80%ی داواكارییەكانی حەواڵەی دۆلاری بانكەكانی عێراقی رەت كردووەتەوە بەهۆی بوونی گومان لەبارەی ئەو لایەنەی دۆلارەكەی بۆ دەچێت.

هۆكاری ئەو تەنگژەی دۆلاری لە عێراق دروست بوو، بەشێكی زۆری پێوەندی بە ئێرانەوە هەبوو، كە لە رێگەی بازرگان و بانك و لایەنی سیاسی و میلیشیاكانەوە دۆلاری دەبرد، بۆیە ئێستە لەدوای توندكردنی رێوشوێنەكان، كاریگەری خێرای لەسەر ئێران دەركەوت، كاتێك بەهای تمەنی ئێران زیاتر دابەزی و گەیشتە 501300 ریال بۆ دۆلارێك، كە لە ماوەی شەش مانگدا تمەنی ئێرانی 60%ی بەهاكەی لەدەست داوە.

ئەو چاودێرییە توندەی ئەمەریكا لەسەر هاتوچۆی دۆلار لە عێراق جیا لە ئێران، هێزە سیاسییە شیعەكانی نزیكلە ئێرانیشی بێزار كرد، كاتێك عەقیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح گوتی، بانكی ناودەوڵەتی و ئەمەریكا سیستمی سویفت بۆ سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر وڵاتان بەكار دێنن، ئەمەریكا وازی لە باڵادەستیی سەربازی بەرەو باڵادەستیی ئابووری هێناوە لە رێگەی ئەو دامەزراوانەوە، بۆیە ئەوانە نموونەیەكی خراپی باڵادەستی و برسیكردنی گەلانن كە دەبێت وابەستەیی خۆی پێیانەوە نەهیڵێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل