بەرپرسێکی یەکێتی جلی سەربازیی لەبەر كرد

:: AM:09:15:23/02/2023 ‌
دوای رووداوەكانی شەوی رابردووی سلێمانی كە هەڵكوتانە سەر ماڵی بەرپرسێکی یەکێتی بوو، ئێستە ئەو بەرپرسەی یەكێتی وەك وەڵامێك بۆ بافڵ و قوباد، جلی سەربازیی سەردەمی پێش راپەڕینی ساڵی 1991 لەبەر كردووە و لە ئەكاونتەكەی پۆستی كردووە.

رووداوەكانی شەوی رابردووی سلێمانی ئەوكاتە دەستی پێ‌ كرد كە لاهوور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی پەیامێكی بڵاو كردەوە، لە بەرانبەردا هێزێكی چەكداری یەكێتی هێرشیان كردە سەر ماڵی سەركردایەتییەكی حزبەكەیان.

بەختیار كاوانی بەرپرسی پێشووی ئیدارەی مەكتەبی سیاسی له هەولێر، شەوی رابردوو  بەهۆی هەڵوێستەكانیەوە هێزێك هەڵیكوتایە سەر ماڵەكەی، لە نوێترین كاردانەوەی بەرانبەر كوڕانی تاڵەبانی، پرۆفایلی فەیسبووكەكەی گۆڕی و جلێكی سەربازی سەردەمی پێش ساڵی 1991 خستووەتە سەر.

شەوی رابردوو كاوانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وشە"، سەرباری دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە رووداوی هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی، باسی لەوە كرد ژن و منداڵەكەی بەهۆی چەكدارانی دەزگای زانیارییەوە لە مەترسیدابوون، بەڵام دوای ئەوەی ئەوان رزگاریان بووە، كرێنیان هێناوە و ئۆتۆمبێلەكانیان لێ دزیوین.

ئەو بەرپرسەی پێشووی یەكێتی روونی كردەوە كە ژن و منداڵەكەی بۆ چارەسەری پزیشكی لە سلێمانی بوونە و ئێستە لە دەستێكی ئەمیندان.

بەختیار كاوانی دەڵێت كە پێشتر هاوڕێی مام جەلال و هێرۆخان بووە، پێی سەیرە ئێستە ئەوانە كوڕی تاڵەبانین و ئاماژە دەكات، گومانمان هەیە ئەوانە كوڕی مام جەلال بن، چونكە ئەخلاقی ئەو نەبوو هەڵبكوتێتە سەر ژن و ماڵی خەڵك.

بڕیاریشە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز بكات و بە كۆمەڵێك نووسراوی ناو یەكێتی و نووسراوێكی ساختەی بەرپرسێكی یەكێتی لە وەزارەتی ناوخۆ كە پێشتر كردبووی و ئامادە كراوە، وەڵامی لاهوور شێخ جەنگی بداتەوە.

شایانی باسە ئەم گرژییەی شەوی رابردووی سلێمانی و پەرچەكرداری دەزگای زانیاری، بەفەرمانی راستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی بووە، وەك كاردانەوەیەكە بەرانبەر بە وتارەكەی شەوی رابردووی لاهوور شێخ جەنگی، كە تێیدا خۆی وەك هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناساند و گوتارێكی میانڕەوانەی پێشكەش كرد.





وشە - رامیار جەواد