لە ئەڵمانیا شانۆگەریی "داگیركردنی تاریكی" پێشان دەدرێت

:: AM:10:25:28/02/2023 ‌
لە نووسینی نووسەری ناودار بەختیار عەلی و لە رۆمانێكی ئەو نووسەرە، شانۆگەریی "داگیركردنی تاریكی" لە دەرهێنانی دەرهێنەر ئیحسان عوسمان لە ئەڵمانیا پێشان درا. ئەو شانۆگەرییە باس لە قەدەغەكردنی زمانی كوردی لە وڵاتە داگیركەرەكان دەكات و بڕیارە هەمان شانۆگەریی لە وڵاتەكانی ئەوروپا و دواتریش لە كوردستان پێشان بدرێت.

رەوەند جواد كە بەڕێوەبەری راگەیاندنی شانۆگەریی "داگیركردنی تاریكی"یە، ئەمڕۆ سێشەم 28ی شوبات بۆ "وشە" گوتی، شانۆگەرییەكە لە 17ی ئەم مانگە "شوبات" لە هۆڵی "كڵاین هاوس"ی شاری ڤیزبادنی ئەڵمانیا پێشان دراوە و رۆژانەیش لە هەمان هۆڵ بەردەوامە لە پێشاندان. وەك دەرهێنەری شانۆگەرییەكە بڕیاری داوە تا مانگی حوزەیرانیش بەردەوام بێت.

رەوەند لەبارەی ناوەڕۆكی شانۆگەرییەكە گوتی، ناوەڕۆكی شانۆگەریی "داگیركردنی تاریكی" بەشێوەیەكی گشتی باس لە قەدەغەكردنی زمانی كوردی لە باكوری كوردستان دەكات، لە رۆمانەكەی بەختیار عەلیش كارەكتەرەكە كە ناوی "تاریق ئەكانسوو"ـە، دەڵێ خۆ كورد وەك عەرەب نییە قورئانی هەبێت و خۆی لەپاڵیەوە بپارێزێ، خۆ كورد فارسیش نییە حافز و مەولانای هەبێت، ئەرمەنیش نییە كە دنیای كریستیانەكان هەموویان لە پشتی بن، كورد تەنیا زمانی هەیە و ئەگەر زمانیان لێ ستاند، واتە كورد بوونی نامێنێت.

ئەوەشی گوت، ئەم شانۆگەرییە دەبێتە یەكێك لە هاوارەكانمان، ئەم ناوەڕۆكە بەهێزە نێونەتەوەییە، بەشێوەیەكی هونەری و ڕوون پێشكەشی خەڵكی بكەین، هیچ نەبێ شتێكی  گرنگ بدەینە تاكی بینەری ئەڵمانی كە ئێمە 100 ساڵە جینۆساید دەكرێین و قڕمان دەكەن، بۆیە بە هیوام لە ئایندەی نزیكدا لە هەرچوار پارچەی كوردستان ئەم شانۆگەرییە پێشكەش بكرێ، بە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركووكیشەوە. 

رەوەند جواد بەناوی دەرهێنەرەكە ئیحسان عوسمانەوە گوتوویەتی، بەهیوایە ئەو شانۆگەرییە ببێتە نوێنەری پەیامی نەتەوەییمان، پەیامی جینۆساید و قڕكردنی كورد كە جینۆسایدی لە جینۆسایدی ئەرمەنەكان كەمتر نییە.

دواتریش ئاماژەی داوە، هونەرمەند كەڤاڵ سدقی شانۆگەرییەكی بۆ سەر تەختی شانۆ ئامادە كردووە كە لەناو 100 شانۆگەریی تری جیهانیدا، بۆ فێستیڤاڵی "مای فێڵ شپیلە" بۆ ئەمساڵ ئامادە دەكرێ كە گرنگترین فێستیڤاڵی شانۆیی ئەوروپایە.

شانۆگەریی "داگیركردنی تاریكی، لە ئێستەوە لە  "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەجر بۆ شانۆ" لە تاران میوان دەبێت. هەر ئەمساڵیش بەشدار دەبێ لە "فێستیڤاڵی بەغدای نێودەوڵەتی بۆ شانۆ"پێشان دەدرێت. 

پڕۆژەی نوێی دەرهێنەر ئیحسان عوسمان، ئۆپێرای "مەم و زین"ی ئەحمەدی خانییە، پڕۆژەكە گەورەیە و بڕیارە لە مانگی ئایاردا بگاتە قۆناغی جێبەجێكردن، دەبێتە بەرهەمی ساڵی داهاتوو 2024.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د