له لاپه‌ڕه 65ی كتێبه‌كه‌دا به‌ناونیشانی" راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كوردستان و رۆڵی پێشمه‌رگه" سه‌رۆك نووسیویه‌تی، مانگی ئاداری 1991 وه‌چه‌رخانێكی گرنگ و گه‌وره بوو له مێژووی گه‌لی كوردستاندا، چونكه له‌و مانگه‌دا جه‌ماوه‌ری ئازا و دڵسۆزی كوردستان دژی داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی به‌عس له كوردستان راپه‌ڕین و له ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌موو ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رژێم له كوردستان راماڵدران و كوردستان له هێزی سته‌مكاری به‌عس پاك كرایه‌وه.
له قاسمه‌ڕه‌شه‌وه به‌ڕێكه‌وتین و بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك به‌پێ ڕۆیشتین
سه‌رۆك نووسیویه‌تی، راپه‌ڕین به‌رهه‌می یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان و پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی بوو، چونكه به‌هۆی ناته‌بایی و په‌رته‌وازه‌یی كورد له‌ماوه‌ی 70 ساڵی رابردوودا نه‌توانرا هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان رزگار بكرێن، به‌ڵام به‌یه‌كڕیزی و ته‌بای توانرا له‌ماوه‌ی حه‌وت رۆژدا دام و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی رژێمی به‌عس له كوردستان داماڵدرێت.
ئاماژه‌ی به یه‌كه‌م رۆژی راپه‌ڕین كردووه و ده‌ڵێ، یه‌كه‌م هه‌نگاوی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كوردستان له رۆژی پێنجی ئاداری 1991 له بیتوێن ده‌ستی پێ كرد و ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو بنكه و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی به‌عسدا گیرا، هه‌ر زوو كاربه‌ده‌ست و به‌رپرسانی به‌عس له كوردستان وره‌یان شكا، راپه‌رین خێرا گه‌شه‌ی كرد و هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستانی گرته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه رۆژی شه‌شی ئادار، به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری زیاتر و چاودێری دۆخه‌كه سه‌ردانی قاسمه‌ڕه‌شی كردووه و له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و "برایانی سه‌ركردایه‌تی" كۆبووه‌ته‌وه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی له كتێبه‌كه‌دا باسی ته‌واوی رۆژانی راپه‌ڕینی ناوچه‌كانی كوردستان كردووه، باسی له‌وه كردووه كه " ڕۆژی 11ی ئادار، له قاسمه‌ڕه‌شه‌وه به‌ڕێكه‌وتین و بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك به‌پێ ڕۆیشتین، سه‌یاره‌كان له نزیك سونێ چاوه‌ڕیمان بوون و له‌وێوه به‌ره‌و رانیه رۆیشتین، پێشوازییه‌كی یه‌كجار گه‌وره و گه‌رمی جه‌ماوه‌ریمان لێ كرا، من و نه‌وشیروان مسته‌فا پێكه‌وه بووین، وتارێكمان پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ره دڵسۆز و خۆڕاگره‌كه كرد".
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی نووسیویه‌تی" به‌ر له ده‌سپێكردنی هێرشی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركووك، زۆربه‌ی مسته‌شاره‌كانی فه‌وجه سووكه‌كانم باگێشت كرد بۆ مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوام لێ كردن كه به‌پێی ئه‌و ئیمكانات و تاوانایانه‌ی به‌رده‌ستیان به‌شداری له‌و ده‌رفه‌ته زێڕین و پڕ له شانازییه‌دا بكه‌ن، خۆشبه‌ختانه هه‌موویان ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیان نیشان دا و چه‌ند كه‌سێكیان به‌شداریشیان كرد، به‌لامه‌وه شتێكی سه‌یر و نامۆ بوو، كاتێك به‌رپرسێكی باڵای به‌ره‌ی كوردستانی پێی گوتم، ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت و ده‌رفه‌تم بده‌ی هه‌ر هه‌موویان له سێداره ده‌ده‌م، پێی گوتم تۆ هه‌سته بڕۆ ده‌ره‌وه و خواحافیزیان لێ بكه و من كۆتایی به‌كاره‌كان دێنم. من به‌و قسه‌یه تووشی شۆك بووم و پێم گوت، " به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت و به‌ڵێنمان پێداون ئیلتیزام به به‌ڵێنه‌كه‌مانه‌وه ده‌كه‌ین".