زانا هۆڵەندییەكە: چاوەڕوانی بوومەلەرزە بكەن

:: PM:05:12:06/03/2023 ‌


ئەگەرچی لە دوای بوومەلەرزەكەی 6ی شوباتی رابردووی توركیا، بوومەلەرزەیەكی تری بەهێز رووی نەداوە جگە لەوەی مەلاتییە كە ژمارەیەك قوربانی تری لێ كەوتەوە، بەڵام لە سایەی نەبوون یان نەتوانینی پێشبینیكردنی بوومەلەرزە لەلایەن لایەنە فەرمی و پسپۆڕییە رەسەنەكانەوە، فرانك هو گربیتس، توێژەری هۆڵەندی بووەتە تاكە پێشبینیكاری بوومەلەرزە، ئەویش سوورە بەوەی بوومەلەرزەیەكی گەورە بەرێگەوەیە.

ئەو زانا هۆڵەندییە لە نوێترین تویتیدا سووربوونی خۆی لەسەر ئەوەی بەم دواییە بڵاوی كردەوە بە روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز دووپات كردەوە، كاتێك پێشبینی ئەوەی كرد لە رۆژانی داهاتوودا بوومەلەرزەیەكی بەهێز روودەدات و بۆ پێشبینیكردنەكەشی پشتی بە راستی زانستی بەستووە، ئەو دەڵێت، پێشبینییەكەی هێشتا بەردەوامە، بۆیە چاودێری بكەن و خۆتانی بۆ ئامادە بكەن. 

ئەو توێژەرە لە تویتێكی تردا نووسیویەتی، ئەو قسانەی لەبارەی ئەوەوە دەكرێت كە ناتوانرێت پێشبینی بوومەلەرزە بكرێت و بنەمایەكی زانستی بۆ ئەو كارە نییە، قسەیەكی هەڵەیە، كاتێك دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریكا باسی ئەوە دەكات ئەگەرێك هەیە بۆ روودانی بوومەلەرزەیەكی گەورە لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوو، جیاوازی لە نێوان پێشبینیكردن و چاوەڕوانیكردن هەیە.  

ئەو زانایە روودانی بوومەلەرزە بە جووڵانەوەی هەسارەكان لە بۆشایی ئاسمان دەبەستێتەوە، ئەو دەڵێت بۆ پێشبینییەكانی پشتی بە 182 بوومەلەرزەی پێشتر لە 2011 تا 2023 بەستووە، كە 98%ی بوومەلەرزەكان ئەوكاتە روویان داوە كە هەسارەكان زۆر لێك نزیك بوونەتەوە و 74%ش رووی داوە كە ئەوان بەكۆمەڵ لەیەكتر نزیك بوونەتەوە.

زۆرێك لە زانایان رەخنەیان لە بیردۆزەكانی ئەو توێژەرە گرت، بەوەی پێشبینییەكانی پشت بە زانست نابەستێت، بۆیە مایەی باوەڕپێكردن نییە، چونكە هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە بەوەی بوومەلەرزە پێوەندی راستەوخۆی بە جووڵانەوەی هەسارەكانەوە هەبێت، ئەوەی هەیە پێوەندی بە مێژووی روودانی بوومەلەرزە لە چەند ناوچەیەك هەیە بەهۆی كەوتنیان لەسەر چینی زەوی جووڵاوەوە.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل