سبەی كتێبی "دروشمی شار"ی باهۆز مستەفا بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:02:39:07/03/2023 ‌
"دروشمی شار" كە كتێبێكە و لە كۆمەڵێك چیرۆكی ئەڵمانییەوە بۆ سەر زمانی كوردی هاتووەتەوە وەرگێڕان، باهۆز مستەفا كتێبەكەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و بڕیارە سبەی لە پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر بەردەست بێت.

كتێبی "دروشمی شار" كە لە 37 چیرۆك پێكدێت و نووسەری چیرۆكەكان ئەڵمانین، لە دوو هەزار و 13 لاپەڕە پێكدێت. ئەو پڕۆژەیە دوای پڕۆژەی ئەنتۆلۆجیای شیعری ئەڵمانی دێت كە هەڵبژاردەیەك بوو لە شیعری شاعیرانی ئەڵمانی. 

بەپێی گوتەی باهۆز مستەفا وەرگێڕی كتێبەكە بۆ "وشە"، ئەم كتێبە ڕاستەوخۆ لە زمانی یەكەمەوە كراوەتە كوردی، بە واتایەكی تر لە زمانی عەرەبی و فارسی نییە وەك زۆربەی وەرگێڕانە ئەدەبییەكانی تر، بەڵكو لە زمانی نووسەرەوە بۆ خوێنەری كورد هاتووەتە وەرگێڕان. 

ئەوەشی گوتووە كە ڕاستەوخۆ لە زمانی یەكەمەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەویش تێگەیشتنە لە كولتوور و ترادیسیۆنی ئەڵمانی لە قۆناغە جیاوازەكان، تێگەیشتن لە ئیدیۆم و پەند و هێماكانیان، لە وشە دروستكراوەكان لەلایەن نووسەرەكانەوە. هەوڵ دراوە نموونەی سەردەم و رێبازی لێكجیا سوودی لێ وەربگیرێت لە ڕیلكە و شیلەرەوە تا كافكا و بێرنهارد شلینك.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د