ڕۆمانی گۆڕستانی سەگەکان بڵاو کرایەوە

:: PM:03:13:10/03/2023 ‌
وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا ڕۆمانی گۆڕستانی سەگەکان لە نووسینی کارۆ حسێن چاپ و بڵاوکردەوە. 

له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆمانەوە کارۆ حسێن ده‌ڵێت: 
ڕۆمانەکە بەیانکردنی کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵایەتییە، بەڵام دیاردەکان لە ڕۆمانەکەدا گۆڕانی بەسەرداهاتووە. دەتوانین بڵێین ئەم گۆڕانکارییانە بۆ سەردەمێکە کە تێگەیشتنمان بۆ ژیان تۆختر بووەتەوە.
گۆڕستانی سەگەکان، گێڕانەوەیە بۆ بێماناکردنی ماناکان و بەرهەمهێنانی مانای نوێ. - تێپەڕاندنی نەریتە باوەکانی دەرەوەی خۆیەتی. - لێدانە لە هەر ئایدۆلۆژییایەک بێ ئەوەی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت. - لەگەڵ لۆژیک و واقیعی دەرەوەی خۆیدا ناتەبایە. ئەمانە وا دەکەن ڕۆمانەکە ڕێ بۆ خوێندنەوەی جیاواز بکاتەوە، کە ڕەنگە خوێندنەوەی دژ بە یەکیش ببینین.


پەرەگرافیک لە کتێبەکەکە:
بەردەم نەخۆشخانەکە، پڕ بووە لەو کەسانەی بەدوای پەناوەن. ژاوەژاو و ئاستەنگیی هاتوچۆ دروستبووە. ئۆتۆمبێلەکان هۆڕن لێ دەدەن. ئامبوڵانسێک بە دەنگەکەی، داوا دەکات ڕێگای بکەنەوە بچێتە ناو نەخۆشخانەکە. دەنگەدەنگ دروستبووە، چیرۆکەکە ئەم دەم و ئەو دەم دەکات، هەندێک باوەڕ ناکەن و هەندێک چیرۆکی تر کە بینیویانن یان بیستویانن بۆ دەوروبەرەکەیان دەگێڕنەوە، هەندێک کە پێکەنینیان بە ڕووداوەکە دێت باسی ئەوە دەکەن کە ئەوەیان لە فیلم بینیوە! هەندێکیش کە کەسوکاری نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکەن، نزا دەکەن کەسەکانی ئەوانیش پەرجو ئاسا چاک ببنەوە و باری خەم لەسەر دڵیان بڕەوێتەوە. هەندێک نەخۆش یان هاوەڵی ئەو نەخۆشانەی کە ئاگایان لە چیرۆکی پەنا نییە، بێزارن، هەندێکیان تەنانەت دەریشی دەبڕن، وەک ئەو پیاوە بەتەمەنەی گوتی: "ئەمە چۆن وادەبێت، یەک دوو کەسی بەسە، حەشاماتێک ڕژاونەتە نەخۆشخانەکەوە، کەس نەخۆشی نییە، ئێوە نەبێت؟!"

لەبارەی نووسەر
کارۆ حسێن لە ساڵی ١٩٩٤ لە کەرکووک لە دایک بووە.  یەکەم چیرۆکی (بۆنی ئاسکی برژاو) لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە.  لە چەندین ڕۆژنامە و سایت و گۆڤاردا بابەتی لە ژانرە جیاوازەکانی ئەدەبیات بڵاو کردووەتەوە. ”گۆڕستانی سەگەکان" یەکەم ڕۆمانی نووسەرە.


وشە - وشه‌