وریایی دەدرێت.. جۆرە ڤایرۆسێك لەناو منداڵان بڵاو بووەتەوە

:: PM:08:09:12/03/2023 ‌

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رای دەگەیەنێت كە جۆرە ڤایرۆسێك لەناو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە، ئەو زانیاری ورد لەبارەیەوە دەخاتە روو و نیشانەكانی روون دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی ئاداری 2023، د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، جۆرە ڤایرۆسێك لەناو منداڵان بڵاو بووەتەوە كە ڤایرۆسێكی وەرزییە، بەهۆیەوە منداڵ تووشی هەڵامەت و سووربوونەوە و قورگنووسان و سكچون و هەوكردنی میزەڵدان دەبێت.

هەروەها گوتی، ڤایرۆسەكە مەترسیدار نییە و ئاساییە، منداڵ كاتێك تووشی دەبێت ئەو حاڵەتانەی بەسەردا دێت، بەڵام ڤایرۆسەكە كە ناوی "ئەدینۆ ڤایرۆسە"، جیاواز لە ڤایرۆس و پەتاكانی تر تووشی منداڵان لە تەمەنە جیاوازەكان دەبێت و خێرایە.

عەبدوڵا باسی لەوەش كرد، ماوەی مانەوەی ئەو ڤایرۆسە بە منداڵانەوە لە چەند رۆژێكەوە بۆ دوو هەفتە دەبێت، بۆیە پێویستە دایك و باوك ئەگەر ئەو نیشانانەیان بە منداڵاكانیان بینی، سەردانی پزیشكی پسپۆڕی تایبەت بە منداڵان بكەن، كە رۆژانە منداڵێكی زۆر سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەكەن بۆ هەمان ڤایرۆس و چارەسەر وەرگرتن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل