هەواڵێكی خۆش بۆ پیاوان

:: PM:09:47:12/03/2023 ‌

شێرپەنجەی پرۆستات یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی شێرپەنجە لە پیاواندا، توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كرد كە ئەو پیاوانەی شێرپەنجەی پرۆستاتیان هەیە، چیتر ناچار نابن بەپەلە نەشتەرگەری لابردنی پرۆستاتیان بۆ بكرێت، بەڵكو دەتوانن بەو شێوەیە بمێننەوە و نەخۆشییەكە لەژێر كۆنترۆڵدا بێت.

بەو شێوەیە تووشبووانی شێرپەنجەی پرۆستات دەتوانن سوود لە چارەسەری تر ببینن، لەوانە چاودێری بەردەوامی نەخۆشییەكە، توێژەران روونیان كردەوە، نابێت زۆرینەی پیاوان لە ئەنجامدانی پشكنینی نەخۆشییەكە تووشی ترس بن، چونكە چارەسەرییەكەی پێویست بە پەلەكردن ناكات. 

توێژینەوەكە دەڵێت، تێكڕای مردن بەهۆی شێرپەنجەی پرۆستات دوای 15 ساڵ لە دۆزینەوەی هەر كەم دەمێنێتەوە، بێ رەچاوكردنی پلانی چارەسەرییەكەی، توێژینەوەكە لە 1999 لە بەریتانیا دەستی پێ كردووە و 2664 كەسی گرتووەتەوە، كە تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 59 ساڵە، ئەوان تووشی شێرپەنجە هاتبوونەوە.

بەشدارانی توێژینەوەكە خرانە بەر سێ جۆری جیاوازی چارەسەركردن، یەكەمیان نەشتەرگەری لابردن و دووەم چارەسەری بەتیشك و سێیەم چاودێری بەردەوام، دوای 15 ساڵ، توێژەران ژمارەی حاڵەتەكانی مردنی هەرسێ رێگەیان بەراورد كرد، دەركەوت هیچ جیاوازییەك لە ماوەی دوای تووشبوونیان بەپێی جۆری چارەسەری نەبووە، كاتێك لە 1610 نەخۆش، 45یان بەهۆی شێرپەنجەی پرۆستات مردن، 17یان لە گرووپی چاودێریكراو و 12یان لەوانەی نەشتەرگەری لابردنیان ئەنجام داوە و 16 لەوانەی چارەسەری تیشكیان بۆ كراوە.

توێژینەوەكە ئەوەشی گوت كە تەنیا ئەوانەی حاڵەتەكەیان زۆر مەترسیدارە، دەتوانن چارەسەری بە پەلەیان بۆ ئەنجام بدرێت، ئەوانیتر دەتوانن پەلە نەكەن بۆ ئەوەی بزانرێت باشترین چارەسەری بۆ حاڵەتەكەیان چییە پێڕەوی بكەن.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل