بۆچی عێراقییەكان ناچنە لای پزیشكی دەروونی؟

:: PM:10:49:12/03/2023 ‌

تا ئێستە لە عێراق پزیشكی دەروونی بووەتە قوربانی نەریت و كولتووری كۆمەڵگەیی كە سەتان ساڵە بۆیان ماوەتەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی سەردانینەكردنی پزیشكی دەروونی شەرم و ترسە، كە وا دەكەن نەخۆشانی دەروونی نەتوانن روو بكەنە نۆرینگەكان، لە 2021 رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند كە یەكێك لە چوار عێراقی بەدەست لاوازیی دەروونییەوە دەناڵێنێت، لە وڵاتێك بۆ هەر ملیۆنێك كەس سێ پزیشكی دەروونی هەیە. 

د. نسەیف حەمیری، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییە دەروونییەكان دەڵێت، ترسێكی كۆمەڵایەتی لە چوونی عێراقییەكان بۆ لای پزیشكی دەروونی هەیە، ئەوان شەرم دەكەن، چونكە بیروباوەڕێكی باو هەیە بەوەی ئەوانەی دەچنە لای پزیشكی دەروونی شێتن، هەشە باوەڕی وایە ئەوان جنۆكە دەستی لێ وەشاندوون و پێویستیان بە جادووكەر هەیە.

زیاتر گوتی، ئەوانە وایان كردووە ئەو جۆرە پزیشكییە بڵاو نەبێتەوە و عێراق ببێتە وڵاتێكی دواكەوتوو لە بواری پزیشكی دەروونییەوە، ئێستە جادووكەر و شێخەكان زیاتر بڵاون، لەوكاتەی ئەوان تەڵەكەباز و ساختەچین و تەنیا دەیانەوێ پارە لەخەڵك وەربگرن، بۆیەش حاڵەتەكانی خۆكوشتن زۆرە، بەهۆی فەرامۆشكردنی سەردانیكردنی پزیشكی دەروونییە.  

نادیە جەعفەر، توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت، كەسایەتی عێراقییەكان ئاڵۆزە بەهۆی ئەو بیروباوەڕەی لەسەری گەورە بوونە و ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی هەیانە، ئەوان بەگشتی شەرم دەكەن سەردانی پزیشكی دەروونی بكەن، سەرەڕای ئەوەی زۆر پێویستیان پێی هەیە، بەڵام بەهۆی گوشاری كۆمەڵگەییەوە ناچن.

لەو كاتەی خەمڵاندنی شارەزایان ئاماژە دەكات كە كە 18%ی دانیشتووانی پارێزگاكانی عێراق نەخۆشی دەروونیان هەیە، واتە زیاتر لە حەوت ملیۆن عێراقی نەخۆشن، بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی عێراق 2%ی بودجەی تەرخانكراو بۆ بواری تەندروستی لە پزیشكی دەروونی خەرج دەكات.

كەمال خەیالی، مامۆستای دەروونناسی دەڵێت، ئەو وێنەی لە مێشكی خەڵك هەیە ئەوەیە ئەوەی بچێتە لای پزیشكی دەروونی شێتە، پێیان وایە ئەو خێزانەی نەخۆشێكی دەروونی تیادایە، بێزراو دەبێت و خەڵك لێی دوور دەكەوێتەوە و ژنی لێ نایەنن لەترسی دروستبوونی منداڵی نەخۆش، كەچی جادووكەر و شێخیان لا باشترە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل