"ئالین" گۆرانی بۆ رۆحی بارزانیی نەمر دەڵێت

:: AM:08:42:13/03/2023 ‌
دوای ماوەیەك بێدەنگی لە كاری هونەری، ئەمساڵ خاتوونی هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان ئالین، ژمارەیەك بەرهەمی نوێی بڵاو كردەوە، لەوانە "كەچ و خورت" كە بەبۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستان. دواتریش "چاچانێ" و چەند بەرهەمێكیشی ئامادەن بۆ بڵاوكردنەوە كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاویان بكاتەوە.

 ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئادار، ئالین لەبارەی بەرهەمی داهاتووی لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" گوتی، لە ساڵوەگەڕی لە دایكبوونی باوكی رۆحی نەتەوەی كورد بارزانیی نەمر، بەرهەمێكی نوێ بڵاو دەكەمەوە بە ناوی "بارزانی مێرێ مێرخاس" كە لە تێكستی ئەسڵان ئەشگان و دەرهێنانی رێناس میرانە.

لەبارەی پەیامی ئەو بەرهەمەی ئالین دەڵێ، پەیامی من لە بڵاوكردنەوەی ئەم كلیپە و لەو رۆژە پیرۆزەدا، بریتییە لە گەیاندنی ئەوەی بارزانیی نەمر سەركردەی  هەموو پارچەكانی كوردستانە، خەبات و بەرخودانی  بۆ هەموو پارچەكان بووە، چونكە چۆن كوردانی هەموو دنیا بارزانی بە رەمز و سیمبولی نیشتمانپەروەری و خەباتگێڕی دەزانن، بەهەمانشێوە دوژمن و داگیركەرانی هەموو كوردستانیش بە هۆكاری یەكخستنی كوردیان زانیوە.

زیاتر گوتی، ئەمەش نیشانەی گەورەیی ئەم سەركردە مێژووییەیە، هەر لە رێی ئەم بەرهەمەوە پەیامێك ئاراستەی دوژمن و نەیاران دەكەم كە ئێمەی گەلی كوردستان، هیچ كاتێك دەست لە خەون و ئاواتەكانمان هەڵناگرین و تا كۆتایی خۆمان وەك میلەت و كوردستانیش وەك وڵات دەپارێزین، لە هەر بارودۆخێكدا ئامادە نین دەست لە خەبات هەڵبگرین.

ئالین ئاماژەی بەوە دا كە هەمیشە گوتوویەتی خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان بە خەمی خۆی دەزانێت. خۆشی و ناخۆشی و مەینەتییەكانی هەر پارچەیەكی كوردستان، بە خۆشی و ناخۆشی و مەینەتیی خۆیان دەزانێت.

بۆ ئەوەیش دەڵێ ئەوەی لە توانامدا هەبێت بۆ رۆژئاوا ئەنجامم داوە، چ لە رێی كلیپەكانمەوە وەك كلیپی "یەكێتیی برایەتی"، تێیدا داوای یەكگرتن و برایەتیی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكەم، هەروەها گۆرانییەكانی "بلبلێ دلشاد" و "ئەی فەلەك ژ بو تە دناڵم" و چەندان بەرهەمی تر.

ئالین كە یەك لە خاتوونە گۆرانیبێژەكانی رۆژئاوای كوردستانە و بە یەك لە دەنگە ناوازەكانی گۆرانیی كوردی هەژمار دەكرێت، جیا لە چەندان گۆرانیی سۆزئامێز، هاوكات ژمارەیەك گۆرانی و سروودی بۆ كوردستان و بەهای بەرزی نەتەوەگەری و نیشتمانپەروەریی بڵاو كردووەتەوە.


 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د