حكوومەت لێخۆشبوونێكی نوێی راگەیاند

:: PM:12:09:13/03/2023 ‌
دوای بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لەلایەن حكوومەت بۆ بەستنی ئاوی ماڵان، ئەمڕۆ بڕیار درا نرخی بەستنی پێوەریش كەم بكرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاوی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی پێشان دا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تا ئێستە پێوەریان نەبەستووە، بڕیاری نوێش درا.

باس لەوەش كراوە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆكەكان، لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو بەنرخی كەمتر.

نرخی نوێی بەستنی پێوەری ئاو بەم شێوەیە دیاری كراوە، بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار، بەستنی پێوەر لە شارۆكە و شارەدێیەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە روونی كردووەتەوە، فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێ كراوەتەوە لێی سوودمەند بن.

بەپێی دواین بڕیاری وەزارەتی شارەوانی، پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە، تا 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیەی دیاری كراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.



وشە - رامیار جەواد