35 جار چووەتە بەغدا.. بافڵ بۆچی پەنا بۆ بەغدا دەبات؟

:: PM:05:31:14/03/2023 ‌

لەوەتەی بووەتە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، بافڵ تاڵەبانی دەیانجار بە پۆشاكی تایبەت و نزیك لە حەشدی شەعبییەوە سەردانی بەغدای كردووە، لەوێ زیاتر چاوی بە كەسانێكی دیاریكراو دەكەوێت، لەوانە سەرانی گرووپەكانی حەشدی شەعبی و شیعەی نزیك لە ئێران، پەیمانگەیەكی ئەمەریكی تیشك دەخاتە سەر سەردانەكانەكانی بافڵ، هۆكاری سەرەكی ئەو سەردانانەی ئاشكرا دەكات.

پەیمانگەی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات، لە 2022 بافڵ 35 جار سەردانی بەغدای كردووە، سەردان و جموجۆڵەكانی لەناو سیستمی سیاسی لە بەغدا و كردنی بە كارێكی لەپێشینەی، لەسەر بنەمای ستراتیجیەتێكی تاوتوێكراوە، بە بەراورد بە سەردانی سەرانیتری كورد بۆ بەغدا سەردانەكانی نائاسایین.

راپۆرتەكە قسەیەكی بافڵ دێنێتەوە كە گوتبووی، حەز دەكەم بچە بەغدا و بە بەردەوام چاوم بە دۆستانم بكەوێت، پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە كە یەكێتی لێرەیە بۆ پاڵپشتیكردنیان، یەكێتی حكوومەتێكی سەركەوتووی دەوێت و حزبەكە لە مێژوودا قوربانی زۆری لەپێناو كوردستان و عێراق داوە، بۆیە ئامادەین لەوە بەردەوامبین، لەوكاتەی بەپێی راپۆرتەكە لە 2005ەوە حزبە كوردستانییەكان ماوەیەكیان لەنێوان خۆیان و بەغدا هێشتووەتەوە و زیاتر سەرنجیان خستووەتە سەر هەرێمی كوردستانەوە. 

راپۆرتەكە ئاماژەی كرد، ئەو دۆخەی لە هەرێمی كوردستان هەیە وای كردووە یەكێتی بیر لە بوونی هەلێك بۆ گۆڕینی لە رێگەی بەغدا بكاتەوە، ئێستە حزبەكەی بافڵ رووبەڕووی تەنگژەیەكی مەترسیدار بووەتەوە، لە ناوخۆی حزبەكە تووشی ترازان هاتووە، لەلایەكی تر لە پارێزگەی سلێمانی بنكەی سەرەكیی جەماوەرییەكەی دووچاری لەدەستدانی دەنگدەرانی هاتووەتەوە، لەوكاتەی هەڵوێستێكی بەرگریكاری لە بەرانبەر پارتی دیموكراتی كوردستان گرتووەتە بەر، كە لە بەهێزی و نەیاری بۆی لەهەڵكشاندایە، بۆیە وەڵامی یەكێتی بەرانبەر بەوانە بەهێزكردنی پێوەندییەكانیەتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە بەغدا.

راپۆرتەكە زیاتر دەڵێت، ئێستە ستراتیجیەتی كاری یەكێتی پشت بە دوو دینامیەكیەتی گرنگ دەبەستێت، یەكەم، لە 10 ساڵی رابردوودا پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەهۆی ناكۆكی لەسەر فرۆشتنی نەوت و بودجە و كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 2017 وەك پێویست نەبووە، ئەوەش زیانی بە هەرێم گەیاندووە، دووەم، ئاڵۆزی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی و بەهێزتربوونی پێگەی پارتی، وای كرد یەكێتی بەدوای هاوپەیمانیدا بگەڕێت، كە پێ دەچێت ئەوانی لە بەغدا دۆزیبێتەوە. 
16 جار چاوی بە قەیس خەزعەلی و 15 جار چاوی بە رەیان كلدانی كەوتووە
بەپێی بڵاوكراوەكانی سۆشیال میدیا لە 1ی كانوونی دووەمی 2022 تا 8ی ئاداری 2023، دەركەوتووە كە بافڵ 139 كۆبوونەوەی راگەیندراوی ساز كردووە، كە 75 بەرپرسی بینیوە، ئەو زیاتر لەگەڵ كۆمەڵێكی دیاریكراوی هاوپەیمانە سیاسییەكانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە نزیكەكان لێوەی كۆ بووەتەوە.

راپۆرتەكە ئاماژە كرد، نەیارە سیاسییەكانی وەك سەدرییەكان و تشرینییەكان و پارتیش، لە لیستی كۆبوونەوەكانی بافڵ بەدوور بوونە، بەگشتی لە 15 مانگی رابردوو بافڵ 35 سەردانی بۆ بەغدا كردووە، لەنێوان 139 كۆبوونەوەی، 93 لە بەغدا بووە، ئەو زیاتر چاوی بە سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیك لە ئێران كەوتووە، 33%ی كۆبوونەوەكانی، 16 جار چاوی بە قەیس خەزعەلی، سەركردەی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق كەوتووە، واتە زیاتر لە جارێك لە مانگانە.

دوای خەزعەلی، 15 جار چاوی بە رەیان كلدانی كەوتووە، سەركردەی بزاوی بابلیوون، 13 جار چاوی بە موسەنا سامەرایی، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمی سوننەی نزیك لە شیعەی سەر بە ئێران و 13 جار چاوی بە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نۆ جار چاوی بە هادی عامری هەشت جار چاوی بە عەمار حەكیم و پێنج جاریش چاوی بە فالح فەیاز كەوتووە.

بەپێی راپۆرتەكە ئەوەی جێی مشتومڕە بافڵ زیاتر چاوی بە كەسانێك كەوتووە كە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزادراون، بەتایبەتی خەزعەلی و كلدانی، جیا لە كەسایەتی تری وەك فالح فەیاز و ئەبو فەدەك محەمەداوی و ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن).

راپۆرتەكە لە كۆتاییدا دەڵێت، پێویستە وا سەیری ستراتیجیەتی یەكێتی بكرێت لە بەهێزكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، كە تەواوكەر و پێوەندیدارە بە كارەكانی لە هەرێمی كوردستان، ئێستە ئەو حزبە رووبەڕووی دۆخێكی سەخت بووەتەوە، لەلایەك دۆخی دارایی دامەزراوە حكوومەتییەكان لە سلێمانی خراپە، لەلایەكی تر رووبەڕووی كاریگەرییەكانی ململانێی دوورودرێژ بووەتەوە لەسەر دەسەڵات، لەوكاتەی بنكە جەماوەرییەكەی و دەنگدەرانی تووشی بێئومێدی بوونە، بۆیە یەكێتی پێویستی بە پاڵپشتی هەیە و لە بەغدا بەدوای ئەو پاڵپشتییەدا دەگەڕێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ ئەو ستراتیجیەتە سوود و بەرهەمی بۆی دەبێت؟  



وشە - تایبه‌ت