سوودانی بۆچی سەردانی هەرێمی كرد؟

:: PM:09:33:14/03/2023 ‌

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لە سەلاحەدین چاوی بە سەرۆك بارزانی كەوت، باسی دۆخی سیاسیی عێراق و جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكانیان كرد، سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ حكوومەتی عێراقی دووپات كردەوە، بەڵام مەبەستی سەردانەكە چی بوو؟

هەر ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی بە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەوت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم  سوپاسی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی كرد بۆ كاركردن لە سەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، هیوای خواست پەرلەمانی عێراق لە نزیكترین كات پڕۆژەیاساكە وەك خۆی پەسەند بكات، جیا لە گرنگیی ئامادەكردنی هەردوو پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵ و نەوت و غاز، هەروەها جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال وەك خۆی.

بەدر شنگالی، شرۆڤەكاری سیاسی لەوبارەوە دەڵێت، ئەو سەردانەی سوودانی دوای تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر حكوومەتەكەی دێت، كە لەو ماوەیەدا زۆرێك لە رووداوی سیاسی و تەنگژەمان بینی، ئەو سەردانەی ئەمڕۆ بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە تەنگژەكان دێت، لەوانە بودجەی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان، هەروەها دۆسیەی نەوت و غاز، بۆیە سەردانەكە دوای گفتوگۆیەكی دوورودرێژی نێوان هەردوولا دێت، كە ئێمەیان گەیاندە كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا بۆ دانانی دوایین داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز.

روونی كردەوە، وەك دوێنێ لە سەرۆك وەزیارنی عێراقمان بیست كە بۆ یەكەمجارە رێككەوتن لەسەر دانانی سندووقێكی سیادی بۆ دانانی داهاتی نەوت و غاز و هەناردەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكرێت، سەردانەكەی سوودانی لەكاتێكی زۆر هەستیاردا دێت، هاوكات لەناو بوونی هەنگاونانی ئەرێنی لە لایەن هەردوولاوە دێت بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانیان، دوێنێ لە بەغدا هاتە راگەیاندن كە لێكگەیشتن لەگەڵ هەرێم هەیە، ئەمڕۆش ئەوە بە كردار جێبەجێكردنی هاتە سەلماندن.

شنگالی زیاتر گوتی، بۆ یەكەمجارە چارەسەری ریشەیی بۆ بابەتی نەوت و غاز دادەنرێت لە رێگەی دامەزراندنی سندووقێكی سیاسی بۆ داهاتەكان، جیا لە یەكخستنی تاریفەی گومرگی لە نێوان هەردوولا، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت كۆتایی بۆ كێشەی نەوت و غازی نێوان بەغدا هەولێر بێنرێت كە لەبەرژەوەندی كەسدا نییە، بۆیە سەردانی ئەمڕۆی سوودانی بۆ هەولێر بۆ یەكلاكردنەوەی سەرەتایی بابەتی نەوت و غازە، جیا لە بەدەستهێنانی پاڵپشتییە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند كراوە و لە پەرلەمانیش تاوتوێ دەكرێت. 

لای خۆیەوە د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، پێش ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر بكات، باسی ئەوەی كرد كە سەبارەت بە پرسی بودجە و داهاتی نەوت و غاز لەگەڵ هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتن و هەمووی لە یەك حیسابی بانكیدا دادەنرێت.

روونی كردەوە، هەروەها سەبارەت بە چارەسەركردنی پرسی نەوت و غاز تێگەیشتن هەیە، ئەگەرچی ئەم هەنگاوانە هەندێك گەشبینی تیادایە، بەڵام لەڕاستیدا كێشەكە سوودانی نییە، بەڵكو زیاتر ئەوانەن كە لە پشت سوودانییەوە بڕیار دەدەن، بەتایبەتی یەكەم بەربەست لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكان لەدوای لێكتیگەیشتنی نێوان هەر حكوومەتێك، پەرلەمانی عێراقە.

هیتووتی دەڵێت، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ پەرلەمانی عێراق بەو رێككەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە یان دەكرێت پابەند دەبێت؟، چونكە رێككەوتن سەبارەت بە بودجە یان پرسی  نەوت و غاز دەبێت لە پەرلەمان دەرباز ببێت و زۆربەری ئەندامانی پەرلەمانیش ئەوانەن كە سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگین و دژایەتیی مافەكانی هەرێم دەكەن. 

"دوای ئەوەی پرسەكان لە پەرلەمان دەرباز بوون، بەربەستێكی تر دادگەی فیدراڵییە، كە ئاخۆ دادگەی فیدراڵی لەسەر رێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بێدەنگ دەبێت، یان دووبارە بە بڕیارە نادەستوورییەكانی هەموو هەوڵەكان دەگەڕێنێتەوە خاڵی سفڕ، دەبێت ئەو راستییەش بزانین كە ئەگەر نیازی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باش بێت، لە پەرلەمان و دادگەی فیدراڵی كێشە بۆ رێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست نابێت، بە پێچەوانەوە كێشەكان هەروەك خۆیان دەمێننەوە"، نەوزاد هیتووتی، مامۆستانی زانكۆ وا دەڵێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل