گرێ كوێرەكەی بۆ ناكرێتەوە.. بۆچی قوباد نابێتە كەسی یەكەم؟

:: PM:09:56:14/03/2023 ‌

قوباد تاڵەبانی پێی وایە كەسێكی گرنگ و گوێلێگیراوە، ئەو گرێ كوێرەی كەسی یەكەمی بۆ دروست بووە، راستییەكەی ئەو نەك ناتوانێت رۆڵێكی باش بگێڕێت، بە كەسایەتییەكی لاواز و بێهێز ناو دەبرێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەی چوار مانگەی نەچووەتە كۆبوونەوەكانی حكوومەت، كارەكان باشتر ئەنجام دراوە.

لەوبارەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومان لە نەبوونی قوباد، كارەكان رانەوەستاون و راناوەستن، حكوومەت بەردەوام كاری خۆی بە تەواوی بەئەنجام گەیاندووە بەبێ ئەوەی هەستیش پێ بكەین كە چەند وەزیرەك دەوامیان نەكردووە یان جێگری سەرۆك وەزیران دەوامی نەكردبێت، بەپێچەوانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەو ماوەیە شاندەكانی دەرەوە بەردەوام سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

زیاتر گوتی، لەسەر ئاستی عێراقیش بەردەوام شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێمیان كرد و ئاماژە بە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا كرا بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە، ئێمە خوازیارین كە حزب و لایەن و خەڵكی كوردستان یەكگرتوو بن، بە بێ ئەوەی لایەنێك خۆی بە گەورە بزانێت و وا بیر بكاتەوە كە ئەگەر لەناو حكوومەت نەبن كارەكان بەڕێوە ناچن، ئەمە بیركردنەوەیەكی زۆر خراپە، دووپاتی كردەوە، پارتی باوەڕی بە كوردستان و خەڵكی كوردستان هەیە و ئەگەر بەتەنیاش بمێنێتەوە بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، باسكردنی قوباد تاڵەبانی شتێكی گرنگ نییە، ئەو كەسایەتییەكی لەرزۆك و نەیتوانی دۆخی ئێستە هەڵبگرێت و بتوانێت هەنگاو بۆ كەسی یەكەم بنێت، لەدوای رووداوەكانی هەشتی تەمووز لە سلێمانی، بەشێك لەوانەی دەمانگوت میانڕەون و شۆڕشگێڕن و قەناعەتیان بە دۆزی رەوای گەلی كورد هەیە، لەگەڵ حكوومەت و هاوكاری حكوومەتن، بەڵام راستییەكان هەر زوو دەركەوتن، كاتێك سەرۆكی حكوومەت دەستی بۆ هەندێ بابەت برد، وەك چاكسازی و ریكخستنەوەی كارەكان و نەهێشتنی گەندەڵی و دزی و جەردەیی و هەڵكوتانە سەر خەڵك، دواتر تەسفییە حیسابات و بابەتە گەیشتە هەولێر، لەمەدا كەسایەتی قوباد تاڵەبانی دەركەوت.

روونی كردەوە، قوباد بۆ ئەوەی باڵە خایەنەتكارەكەی 16ی ئۆكتۆبەر رازی بكات، كەوتە دوای سیاسەت، ئێستەش دەبینین ماوەی پێنج مانگە وەك بندیوار لەماڵەوە مووچەی زەبەلاحی خۆی وەردەگرێت، بۆیە لە نەبوونی قوباد تاڵەبانی حكوومەت نەك پەكی نەكەوتووە، بگرە زۆر باش خزمەتی خەڵك دەكات و كاری خۆی دەكا و خزمەتی سلێمانیش دەكات.

"لە نەبوونی قوباد تاڵەبانی، پێوەندی و نزیكبوونەوەی هەرێم و بەغدا هەنگاوی زۆر باشی بۆ نراوە، هاتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر بەڵگەی نزیكبوونەوەیە، قوباد گرێ كوێرەی كەسی یەكەم نا، بەڵكو تێكدانی هەرێمی كوردستانی هەیە، قوباد و نموونە و هاوشێوەكانی وەك قوباد درێژەپێدەری ئەو كارە دەبن، هەركاتێك پێشوەچوون لە نێوان هەرێم و عێراق هەبووبێت، دەستبەجێ بافڵ راپێچ دەكرێت، وەك چۆن ئێستە لە تارانە و بۆ تێكدانی دۆخەكە گوێی رادەكێشرێت، كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ وا دەڵێت.

دووپاتی كردەوە، ئەوانە هیچ كاریزمایەكی كەسایەتیی بەهێزیان نییە كە بتوانن دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەدەست بگرن، چونكە كەسایەتی بەهێز كاڵایەكە بە گوێرەی باڵای بەرزی كاراكتەری پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆك بارزانی.

پێوەست بەو بابەتەوە عەلی مام ئەنوەر، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لەبارەی سیفاتەكانی سەركردە، توێژینەوەی زۆر كراوە و زۆرینەی بیرمەند و توێژەرەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی سیفاتەكانی سەركردە دەستنیشان بكەن و هۆكارەكانی بوون بە سەركردە دیاری بكەن، كە گرنگترین خاڵ لەوەدا خۆی دەبینێتەوە سیفاتەكانی سەركردە بە رێژەیەكی كەم بۆماوەییە، ئەوی تر كە دەمێنێتەوە خۆپەروەردەكردن و برەوپێدان بە توانای زانستی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە لەكاتی تەنگژە و ئاڵنگاریەكاندا، رۆحی فیداكاری و خۆ بەخزمەتكارزانی دەوروبەر و هاریكاریكەرانتە.

زیاتر گوتی، دەتوانین بە ئەندامێك لەناو خێزاندا بڵێم سەركردە، كە زۆرجار باوك و دایك ئەم رۆڵە دەگێڕن، قوباد تاڵەبانی ئەگەر كوڕی مام جەلال نەبوایە، بە دڵنیاییەوە فیتەرێكی باشیشی لێ دەرنەدەچوو، جای چ ئەوەی هەڵپەی ئەوە بكات كە كەسی یەكەم بێت، ئەو هەرگیز و لە هیچ كاتێكدا شانی نەخستووەتە ژێر بەرپرسیاریەتی، ناحەقیشی ناگرم، چونكە كەسێك لەناو ناز و نیعمەتی وڵاتانی بیانی گەورە بووبێت، ئەو كاتەش كە گەڕایەوە دیسان راستەوخۆ بكرێتە فیگەرێكی سیاسی، بە دڵنیاییەوە كەسایەتییەكی كاریگەر و بەهێزی لێ دروست نابێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، هەرگیز نابێ و ناكرێت بەو هەموو راكردنەی لە بەرپرسیاریەتی حەقی ئەوە بەخۆی بدات و بیەوێ رۆڵی كەسی یەكەم بگێڕێت، قوبادی كوڕی مام جەلال دڵنیایی پێداوین كە لە هەڵوێست و كاتە گرنگ و مەترسیدارەكاندا، كە توانای ئەوەی تێدا نییە كە ئەو بەرپرسیاریەتییەی لەسەر شانی بووە جێبەجێی بكات، شایەنی ئەوە نییە كە لەهیچ پێگەیەكدا كەسی یەكەم بێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت