كەسێك لە هەولێر كوژرا

:: AM:11:45:15/03/2023 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رای دەگەیەنێت، شەوی رابردوو بەهۆی كێشەیەك گەنجێكی 35 ساڵی كوژرا و بكوژەكەكە خۆی رادەست كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئادار، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوێنێ شەو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاگادار كرانەوە بەبوونی تەرمێك لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوا.

زیاتر گوتی، دوای گەیشتنی تیمێكی لێكۆڵەر بۆ شوێنی مەبەست، دەركەوت كە هاووڵاتییەك بەناوی (ڕەوەند محەمەد كەریم /35 ساڵ/) بە چەقۆ لێی دراوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی.

باسی لەوەش كرد، دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر ڕووداوەكە، دەركەوت كە كوژراوەكە بەهۆی دەمەقاڵێیان لەگەڵ كەسێك بەناوی (ص. ف. ص) شەڕ لە نێوانیان دروست دەبێت و بە چەقۆ لێی دەدات، لەژێر فشاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبار خۆی ڕادەست كرد.

روونی كردەوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار ڕێكخرا و ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر كرا بۆ ئەوەی ڕێڕەوی یاسایی بەرانبەر تۆمەتبار بگیرێتەبەر.



وشە - رامیار جەواد