بڕیار بۆ سەرجەم چێشتخانەكان دەرچوو

:: PM:12:10:15/03/2023 ‌
بەمەبەستی بەڕێوەبردنی گەشتیاریی ناوخۆیی و پێشوازیكردن لەو گەشتیارانەی كە بۆ پشووەكانی ئادار و نەورۆز ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، دەستەی گەشتوگوزار لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بنكەكانی گەشتیاری، پلانی هەمەلایەنی ئامادە كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئادار، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، چەندان لیژنەش پێكهێنراون، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی شارستانی و پێشكەوتوو، پێشوازی لە گەشتیاران بكرێت و كەشێكی ئارام و لە باریان بۆ بڕەخسێنرێت.

 بەشێك لەو ئامادەكارییانە بریتین لە:

1-لیژنەی تایبەت بە بازگەكان، سەردانی بازگەكان دەكات؛ تیمی گەشتوگوزار بە پێدانی شیرینی و دابەشكردنی بڵاوكراوەی گەشتیاری بەسەر گەشتیاران وەك: ڕێبەری گەشتیاری، نەخشەی گەشتیاری، بروشور، پێشوازی لە گەشتیاران دەكات. هەروەها ڕێنوێنیی پێویست بە گەشتیاران دەدەن و ژمارەیەكی تایبەتی پێوەندی دابین كراوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لە كاتی بوونی هەر كێشە و گرفتێك پێوەندی بكەن.

2- سەرجەم بنكە گەشتیارییەكان بەتایبەت چێشتخانەكان، ئاگادار كراونەتەوە كە دەبێ لە ڕۆژانی پشوو كراوە بن.

3-لیژنەی تایبەت بە سەردانی بنكە گەشتیارییەكان هەیە، بۆ ئەوەی چاودێریی كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان بكەن و لەڕووی نرخیشەوە ڕێ لە كەڵكاوەژوو (استغلال)ی گەشتیاران بگرن.

4-هاوئاهەنگیی تەواو و پێویست لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایشی بازگەكان و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ دەكرێت: هاتوچۆ، تەندروستی، بەرگریی شارستانی، بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایش بۆ گەشتیاران لە كاتی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان، ئاسانكاری لە كاتی هاتنەناوەوەیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان.

5-بۆ پاكوخاوێنیی ژینگە، تیمەكانی گەشتوگوزار لەسەر ڕێیە گشتییەكان، كیسەخۆڵ بەسەر سەیرانكەران و گەشتیاراندا دابەش دەكەن.

6-لەگەڵ ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێزی، كەمپەینی پاككردنەوەی ناوچە گەشتیارییەكان بەڕێوە دەبرێت.

7-ڕێنوێنینامە (بروشور) و هۆشیاریی تایبەت بە ژینگەپارێزی بڵاو دەكرێتەوە و دەگەیەنرێتە گەشتیاران.

8-چەندان فێستیڤاڵ و چالاكی بە هاوئاهەنگیی ئیدارەی خۆجێی شارەكان و كەرتی تایبەت بەڕێوە دەچن.



وشە - رامیار جەواد