منداڵ زۆر دابنیشێت زیانی چییە؟

:: PM:08:40:15/03/2023 ‌

بەهۆی ئەوەی جەستەی منداڵ لە هەموو رووێكەوە هێشتا بەتەواوەتی پێ نەگەیشتووە، بۆیە كاریگەری بەركەوتن و دەرمان و ئاكارە هەڵەكان و كارتێكەرە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان لەسەری زیاترن، یەكێك لەو كێشانەی ئێستە هەیە و منداڵان بەگشتی بەدەستییەوە دەناڵێنن، زۆر دانیشتنە، جا بەدیار تەلەفزیۆن یان مۆبایل و كۆمپیۆتەرەوە، بەڵام زیانەكانی چین؟

د. نیكۆل فیتمان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسك لە منداڵان دەڵێت، ئازاری پشت تەنیا تووشی گەورەكان نابێت، بەڵكو تووشی منداڵیش دەبێت، بەتایبەتی لە تەمەنی قوتابخانەدا، ئەوەش بەهۆی زۆر دانیشتن لە قوتابخانە یان لە ماڵ لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆن یان كۆمپیۆتەر یان ئامێری یارییەكان لەكاتی پشوو و كاتە بەتاڵەكان.  

روونی كردەوە، كەمیی جووڵە هەڕەشە لە بڕبڕەی پشتی منداڵ دەكات، كە هێشتا لە قۆناغی كەشەكردندایە، دەبێتە هۆی لاوازیی ماسولكەكان و ناڕێكیی گەشەكردنی ناوقەد، ئەوانەش دەبنە هۆی تووشبوون بە گرژیی ماسولكەكان و ئازاری پشت. 

ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە، بۆ خۆلادان لەو مەترسییە، دەبێت منداڵ وەرزش و چالاكیی جووڵانەوە بكات، وەك رۆیشتن و پایسكلسواری لە هەوای دەرەوە و مەلەوانی و یاری تۆپی پێ، ئەوەش بەشێوەیەكی رۆژانە، بەتایبەتی لە هەوای كراوەدا و لەژێر رووناكی خۆردا، كە ئەوە تەنیا نابێتە هۆی پاراستنی پشتیان لە ئازار، بەڵكو بە كێشەی بینین و كورتبینیش دەیانپارێزێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل