"پێنج مانگە مووچە وەردەگرێت و دەوامیش ناكات"

:: PM:09:40:15/03/2023 ‌

قوباد تاڵەبانی، بەهۆی بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە بەشداریی كار و كۆبوونەوەكانی حكوومەتی نەكردووە، كەچی ماوەی پێنج مانگە مووچە وەردەگرێت و وەك بندیواری لێ هاتووە.

قوباد كە بەردەوام بانگەشەی نەهێشتنی گەندەڵی دەكات، بەڵام پێچەوانەی قسەكانی، مووچەیەكی زۆر وەردەگرێت و لەناو حكوومەت دەوام ناكات، شارەزا و چاودێران دەڵێن، قوباد چونكە دەوام ناكات، هیچی لەو مووچەخۆرە بندیوارانە كەمتر نییە، سەرەڕای ئەوەش هەر خەریكی قسە و چەواشەكارییە.

ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە وڵاتان كاتێك حزب بەشداری حكوومەت دەكات، ئەگەر دوای ساڵێك و زیاتر بۆی دەركەوت حكوومەت كاری باشی نەكردووە، یان ئەگەر بە كار و بەرنامەی كاری حكوومەت رازی نەبێت، لە حكوومەت دەكشێتەوە، بەڵام لە كوردستان ئەو كولتوورە نییە و حزب لە حكوومەت بەردەوام دەبێت، هاوكات وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە و هەڵسوكەوت دەكات.
كەسی دووەمی حكوومەتە و هەمان رێچكەی گەندەڵی و مووچەخۆری نایاسایی گرتووەتە بەر
باسی لەوە كرد، هەندێك كەس و لایەن لەناو حكوومەتن و پۆست و پلەی باڵایان هەیە و خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدەن، سەریان لە خەڵك و میلەت شێواندووە، بۆیە ناكرێت تۆ لە حكوومەت بیت و پۆست و پلە وەرگریت و كاری حكوومەتیش نەكەیت.

لای خۆیەوە ئازاد جەلیل، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، كاتێك دەڵێن شتێكی نایاسایی، هەموو شتێك دەگرێتەوە كە پێچەوانەی یاسایە، مووچەخۆری بندیوار بەو كەسانە دەگوترا كە دەوام ناكەن و مووچەیان لە حكوومەت وەردەگرت، بووبوونە بارگرانی بەسەر داهاتی گشتی و حكوومەت و مافی مووچوخۆری یاسایییان خواردبوو و قورسایی زۆریان دروست كردبوو.

زیاتر گوتیی، مادام دەوام ناكەیت و ناچیتە ناو كۆبوونەوەكانی حكوومەت و بەشدارنیت لە كار و بڕیاری حكوومەت، كەواتە دەبێت وازبێنیت و بچیتە دەرەوە، نەك مووچەیەكی زۆر وەربگریت و دەوام و كاریش نەكەیت، چونكە خەڵك و فەرمانبەری تر لە تۆوە فێر دەبن، تۆ كە كەسی دووەمی حكوومەتیت بەو جۆرە بیت، كەواتە شتێك نامێنێتەوە بۆ دادپەروەری، فەرمانبەرێكی ئاسایی مانگانە دەوامی خۆی دەكات و مووچەیەكی كەم وەردەگرێت، بەڵام تۆ مووچەیەكی باڵات هەبێت و دەوامیش ناكەیت.

قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكانی رابردوو لە پەرلەمان، داكۆكی لەوە دەكرد كە حكوومەت رێگری لە بندیوار و مووچەخۆری نایاسایی دەگرێت و رووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە و قورخكاری ناهێڵت، كەچی ئێستە خۆی كەسی دووەمی حكوومەتە و هەمان رێچكەی گەندەڵی و مووچەخۆری نایاسایی گرتووەتە بەر.

پێوەست بەو بابەتەوە تەحسین غەریب، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، قوباد دەبوو بەشێوەیەكی جیاوازتر لە حزبەكەی مامەڵە و هەڵسوكەوتی بكردایە، نەك رێچكەی حزبەكەی بگرێت لەپێناو بەرژەوەندییەكی حزبی، ئەو كەسی دووەمی حكوومەتە، لەدوای سەرۆكی حكوومەت دەسەڵاتی هەبوو، ئەگەر كەسێك لەو پێگە و پۆستە باڵایە نایاسایی بجووڵێتەوە و مووچەی بێ دەوام و كار وەربگرێت، ئیتر بۆ دەبێ ناهەقی فەرمانبەرێك بگرین كە مووچەی بێ دەوامی وەردەگرت.

 هەروەها گوتی، دەتوانرا لەناو حكوومەت و لە كۆبوونەوەكانی حكوومەت كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكرێن و لێگەڕانایە ئەو كێشانەشی پێوەستن بە هەردوو حزبەوە، كۆبوونایەتەوە و چارەسەریان بكردایە، حكوومەتیش كاری خۆی بكردایە و ئەو قسانەی كە دەیكرد لە رابردوو سەرەتا خۆی جێبەجێی بكردایە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت