كاریگەرییەكی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا ئاشكرا دەبێت

:: PM:10:57:15/03/2023 ‌

تا ئێستەش تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە و لە سەرانسەری دنیا خەڵك رۆژانە تووشی دەبن، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو زانایان چەند نیشانەیەكیان بۆ تووشبوون بەو پەتایە دیاری كرد، واتە ئەوانەی ئەو نیشانانەیان هەیە تووشی بوونە، جگە لە چەند كاریگەرییەكی كورت و درێژمەودا، لەوانە هەستكردن بە ماندوبوون و لەدەستدانی هەستەكانی چەشتن و بۆنكردن، توێژینەوەیەكی ئەمەریكی باسی كاریگەرییەكی نوێی ڤایرۆسەكە دەكات.

توێژینەوەیەكی نوێی ئەمەریكی لە زانكۆی دارمۆس لە ویلایەتی نیوهامشیر باسی ئەوە دەكات، هەندێك كەس لەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن، رەنگە دووچاری شێوانێك ببن كە لە رووی تەندوستییەوە بە ناوی "كوێری دەموچاوەكان" دەناسرێت.

كەسی تووشبوو بەو شێوانە بەزەحمەت دەموچاوی كەسانی بەرانبەری دەناسێتەوە و جیایان دەكاتەوە، بەوەش تووشی شەرمەزاری دەبێتەوە، وەك پەیمانگەی نیشتمانی بۆ شێوانە دەمارییەكان، جیاكەرەوەی ئەو شێوانە بێتواناییە لە جیاكردنەوەی رووخساری مرۆڤەكان، هۆكارەكەشی بوونی كێشەیەكە لە منداڵییەوە، بەهۆی تێكچوونی بەشێكی مێشكە كە هاوئاهەنگی لەنێوان سیستمە دەمارەكانی بەرپرس لە بیرهاتنەوەی رووخسار و پاراستنی لە یادەوەری دەكات.

ئانی، كچێكی 28 ساڵە، ئەو پێشتر تووشی كۆرۆنا بووبوو، پێش تووشبوونی كێشەی لە ناسینەوەی دەموچاوەكان نەبوو، بەڵام دوای دوو مانگ لە تووشبوون، تەنانەت بەزەحمەت كەسە زۆر نزیكەكەكانی دەناسییەوە، تا ئاستێك ئەوانی بەدەنگیان دەناسیەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل