پەرلەمانی كوردستان لە یادی هەڵەبجەدا داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات بە ئەركی خۆیان هەستن

:: AM:10:12:16/03/2023 ‌
35  ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەو یادەدا، ئومێدەوارە ئەمساڵ بەشێكی ئازارەكانی خەڵكی هەڵەبجە و كوردستان ساڕێژ بێ و هیوا بۆ پارێزگا بێنازەكە بگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئادار، پەرلەمانی كوردستان لە ٣٥ ساڵوەگەڕی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا رای گەیاندووە، "سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی ئەم مەرگەساتە پڕ ئازارە دادەنەوێنین، بەشكۆوە تاجەگوڵینەی سەرفرازی و نەمری لەسەر گڵكۆكانیان دادەنێین".

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "زۆر بەداخەوە كە ساڵانە بە درێژایی وەرزەكانی بەهار و بووژانە‌وەی سروشت، گەلی ئێمە شادی و خۆشییەكانیان تێكەڵ بە چەندان تراجیدیا و مەرگەساتی بێوێنەیە لە كیمیاباران و سەرجەم شێوازەكانی تری لەناوبردنی ژیان، ژینگەی كوردستان و هەوڵی سڕینەوە و جینۆسایدكردنی میللەتی كوردی ژیاندۆست و ئاشتیخواز".

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە ئەوان سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ بڕیاردان لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. هاوكات داوایان لە ئەنجوومەنی نوێنەران كرد، بە ئەركی خۆین هەستن بۆ بەپەسندكردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، خۆیان یاسایەكی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی كوردستان دەربكەن و مافی كەسوكاری شەهیدان تێیدا پارێزراو بێ و قەرەبووی مادی و مەعنەوی بكرێنەوە. 

سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئومێدەوارە ئەمساڵ بەشێكی ئازارەكانی خەڵكی هەڵەبجە و كوردستان ساڕێژ بێ و هیوا بۆ پارێزگا بێنازەكە بگەڕێتەوە.

"هاوكات دەبێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەموو توانایەكی بخاتە گەڕ بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتر و بنیاتنانەوەی سێكتەرە جیاجیاكانی ھەڵەبجە و دەڤەرەكە بەگشتی." پەرلەمان وا دەڵێت.

لە 16ی ئاداری 1988، عەلی كیمیایی بەفەرمانی سەدام حوسێن سەرۆكی ئەوكاتی عێراق، لە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ، هەستا بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوانی لە چەند خولەكێكدا شەهید كرد، بە هەزاران كەسیش بریندار بوون و تا ئێستە بریندارەكان بەدەست ئازارەكانیان دەناڵێنن. هاوكات پرۆسەی كیمیابارانكردنە بەردەوامی هەبوو تا زۆرینەی كوردستانی گرتەوە.

 لەوكاتەوە تا ئێستە حكوومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان و ناوچەكانی نەكردووەتەوە، تەنیا لەم هەفتەیەداا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند كرد و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە، بەڵام پەرلەمانی عێراق دانیشتنی لەسەر ئەو پرسە نەكردووە، لە كاتێكدا بەپێی دەستووری عێراق، دەبێ هەموو ئەو كەس و ناوچانەی بەدەستی رژێمی سەدام حوسێن زیانمەند بوون، قەرەبووی مادی و مەعنەوی بكرێنەوە.


وشە - زریان تەها