ئەسەد ئامادەی پێشوازیكردنی زیاتری هێزەكانی رووسیایە لە وڵاتەكەی

:: PM:02:18:16/03/2023 ‌
دوای ئەوەی چەند رۆژێك بەرلە ئێستە سەرۆكی سووریا سەردانی رووسیای كرد و لەگەڵ سەرۆك ئەو وڵاتە كۆبووەوە، ئەمڕۆ لە دیمانەیەك بۆ ئاژانسی "سپۆتنیك" گوتوویەتی، وڵاتەكەی ئامادەیی هەیە پێشوازی لە هێزی زیاتری رووسیا بكات، ئەوە لە كاتێكدایە كە لە ساڵی 2011وە هێزی سەربازیی رووسیا لە سووریادا جێگیر بوون.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، ئاژانسی "سپۆتنیك" ئەمڕۆ دیمانەیەكی لەگەڵ سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد بڵاو كردووەتەوە، لەو دیمانەیەدا ئەسەد رای گەیاندووە، ئامادەی پێشوازیكردنی هێزی سەربازیی زیاتری رووسیا لەسەر خاكەكەمان بكەین. ئاماژەی بەوە داوە كە بوونی هێزی رووسی لە خاكەكەی، پێوەستە بە "هاوسەنگیی هێز" لە دنیادا.

بەشار ئەسەد كە سێشەمی رابردوو سەردانی رووسیای كرد و لەگەڵ سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین كۆبووەوە، ئەمڕۆیش لەو دیمانەیەیدا گوتوویەتی، ناكرێ هیچ هێزێكی رووسی لە هیچ وڵاتێكدا بەشێوەیەكی كاتی هەبێت، ئێمە باسی "هاوسەنگیی هێز" دەكەین، چونكە هیچ وڵاتێكی زلهێز نییە بیەوێ لەناو سنوورەكەی خۆی پارێزگاری لە خۆی بكات، بەڵكو دەبێ رۆڵی خۆی لە دەرەوەی سنوورەكەی ببینێت، ئەویش بەپێی پێوەندیی بە هاوپەیمانانی و بنكە سەربازییەكانی دەبێت.

ئەسەد لەبارەی دیداری لەگەڵ سەرۆكی توركیا ئەردۆغان گوتوویەتی، دیدارم لەگەڵ ئەردۆغان، پێوەندە بە كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە خاكی سووریا.

سەردانەكەی سێشەمی رابردووی ئەسەد بۆ مۆسكۆ، سەردانێكی فەرمی بووە و كرێملین دەیەوێ هەوڵەكانی بۆ گەشەپێكردنی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ سووریا زیاتر بكات، هاوكات دەیەوێ وای دەربخات كە وێڕای ئەو سزایانەی ئەمەریكا و رۆژئاوا لەسەر وڵاتەكەی، بەهۆی ئەو جەنگەی لە دژی ئۆكراینا بەرپای كردووە، لەسەر پێ وەستاوە و قورسایی دیپلۆماسیی خۆی پێشان دەدات.

رووسیا لە ساڵی 2011وە هێزی سەربازیی لەناو خاكی سووریا جێگیر كردووە، هاوكات بە هاوپەیمانی رژدی رژێمی سووریا هەژمار دەكرێت، بۆیە لەوكاتەوە تا ئێستە لەڕێی بوردمانی ئاسمانی لە دژی ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد، پارێزگاری لە مانەوەی رژێمەكە دەكات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د