تەنگژەیەكی تر بەڕێگەوەیە.. چی روودەدات؟

:: PM:07:57:16/03/2023 ‌

خەریكە بەرژەوەندی و ئابووری وڵاتانی دنیا بەرەو جەمسەرە دوور لەیەك و جیاوازەكان دەبات، نەخشەیەكی نوێ دوور لە سیاسەت و سەربازی دادەڕێژێتەوە، خەریكە نەیاری و جەمسەرگیریی كۆن نامێنن و بەرژەوەندییەكان دەبنە بنەمای سەرەكیی یارییەك تەنیا زلهێزەكانی تیایدا باڵادەست نین، ئەوان پێویستیان بە وڵاتانی ریزی دووەم و سێیەم دەبێت، خەریكە ئابووری و بیركردنەوەی ئابووریانە كۆنترۆڵی دنیا دەكەن، خەریكە بەرهەمهێنەر و بەكارهێنەرانی نەوت سەنگەر لەیەكتر دەگرن، لەو ناوەدا شارەزایان پێیان وایە تەنگژەیەكی قووڵی ئابووری بەڕێگەوەیە.

حەمزە جەواهیری، شارەزای بواری نەوت دەڵێت، ئێستە وڵاتانی رۆژئاوا دەستیان كردووە بە هەڵگیرسانی شەڕ لەسەر نرخی نەوتەوە، كاتێك خەریكە نرخی نەوت بەخێرایی روو لە دابەزینە، لەدوای داڕمانی هەندێك بانكی ئەمەریكی و ئەوروپی، راستییەكەی ئەوەی روودەدات شەڕێكە لەدژی نەوت و نرخەكەی لە دنیادا، چونكە رۆژان ئەوەیان دەرخست كە ئابووریی رۆژئاوا ناتوانێت بەرگەی نرخی نەوت بە كەتر لە 60 دۆلار بۆ بەرمیلێك بگرێت. 

روونی كردەوە، هەوڵەكانی رۆژئاوا بۆ دابەزینی نرخی نەوت ئامانجێكە بۆ ئەوان، ئەوەشی روودەدات سەرەتای هێرشەكەیانە بۆ سەر نرخی نەوت و ئۆپێك، ئەوەی روودەدات سەرەڕای مسۆگەرییەكانی ئۆپێك و چاكبوونەوەی ئابووری چینە، بۆیە ئەوجارەیان بابەتەكە پێوەستە بە ئابووری رۆژئاوا، كە بەرگەی نرخی نەوت زیاتر لە 60 دۆلار ناگرێت.

جەواهیری تیشك دەخاتە سەر كاریگەرییەكانی ئەو دابەزینەی نرخی نەوت لەسەر عێراق و روونی كردەوە، بە دیاریكردنی 70 دۆلار وەك نرخی بەرمیلێك نەوت لە بودجەی عێراق، شتێكی بێئومێدكەر بوو، چونكە ئێمە نەوتەكەمان لەو نرخە كەمتر دەفرۆشین، بۆیە ئەگەر ئەمەریكا و رۆژئاوا توانیان نرخی نەوت بگەیەننە 60 دۆلار و كەمتر، كاریگەری خراپی لەسەر بودجە دەبێت، كە رێژەی كورتهێنانی 34%یە، بۆیە دەبێت نرخی بەرمیلی نەوت لە بودجە بكرێتە 50 دۆلار و بەرەو خوارەوە، جیا لە كەمكردنەوەی بودجەی بەكارخستن بۆ نیوەی ئێستە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم ئابووری دنیا پاشەكشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی، ئەوەش لەدوای تەنگژەی داڕمانی بانكی "سویس" بۆ قەرز، لەناو بوونی مەترسی سەرهەڵدانی تەنگژەیەكی قووڵ ئابووری لەدوای داڕمانی بانكی "سیلیكۆن ڤالی"ی ئەمەریكی، لە راپۆرتێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، هاتووە، ئێستە دنیا لە نیگەرانییەكی گەورەدایە لەئەگەری روودانی تەنگژەیەكی نوێی ئابووری لە دنیا، بەتایبەتی لەدوای داڕمانی بانكە ئەمەریكییەكە.

بیت ویتمەن، توێژەری ئابووری لە سەنتەری بۆرتا بۆ توێژینەوەی بازاڕ دەڵێت، ئەوەی روودەدات تەنگژەیە، خەریكە بازنە لاوازەكانی ئابووری دنیا دەلەرزن و دەڕووخێن، بۆیە پێویستە سیاسەتی بەپەلە بگیردرێتە بەر بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و سیولە بۆ سیستمی بانكی نێودەوڵەتی.

كاردانەوەكانی داڕمانی بانكی "سیلیكۆن ڤالی"، بووە هۆی زیانگەیاندن بە نرخی پشكی بانكەكان لە دنیا، تەنانەت قسە و دڵنیاكردنەوەكانی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و دانەرانی تری سیاسەت نەیانتوانی بازاڕ هێور بكەنەوە، دۆخەكەیان بەرەو چاوخشاندنەوە بە دواڕۆژی نرخی سوود پاڵ نا.

هاوكات لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا نرخی نەوت دابەزینێكی خێرا و گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەك ئەمڕۆ پێنجشەم نرخەكەی گەیشتە كەمترین ئاستی لەوەتەی دیسێمبەری 2021، واتە بەر لە دەستپێكردنی شەڕی رووسیا و ئۆكراینا، ئەو دابەزینەش بەهۆی زیادبوونی مەترسی لە بازاڕەكان بوو لە داتەپینی ئابووری، كە ئەگەری روودانی بە تێپەڕبوونی كات زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لە ئابووری ئەمەریكا، گەورەترین كڕیاری نەوت لە دنیا، ئەو كارەش بووە هۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت، بەتایبەتی لەدوای راگەیاندنی نەرێنی لەبارەی ئەمباری نەوت لەو وڵاتەدا، كە كاری كردە سەر نرخی نەوت، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش، زیانێكی تری بەر كەوت، بووە هۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت.  

ئێستە تەنیا ئابووری ئەمەریكا جێی مەترسی نییە، بەڵكو بازاڕی پشكەكانی ئەوروپاش بە یەكێك لە خراپترین دۆخیدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی دوای رووخانی بەهای پشكی بانكی "كریدی سویس"، لەدوای ئەوەی بانكی "ئەهلی" سعوودی، كە یەكێكە لە گەورەترین خاوەن پشەكەكانی بانكەكە، بڕیاری دا لە پاڵپشتیكردنی بوەستێت.

داڕمانی ئەو بانكانە نیگەرانی زۆری لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی تەنگژەی داراییی 2008 دروست كرد، ئەگەر خراپتر نەبێت لەو، لەناو ئەگەری شەپۆلێكی چاوەڕوانكراوی هەڵاوسانی بەرز و هەوڵی بانكە ناوەندییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی. 

لەلایەكی تر راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاماژەی كرد كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەناردنی نەوت زۆر زیادی كردووە، رۆژانە دەگاتە 101.5 ملیۆن بەرمیل، ئەوەش وای كردووە لە سایەی ئەو تەنگژە ئابوورییەی هەیە و پێشبینی زیادبوونی دەكرێت، بەكارهێنەرانی نەوت تووشی رەشبینی بووبن، ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت و خاوی رۆژئاوای ئەمەریكا ژمارەیەكی پێوانەییان لە دابەزین تۆمار كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل