دوای 20 ساڵ تێچوو و زیانەكانی جەنگی عێراق چەندە؟

:: PM:09:25:16/03/2023 ‌

مێژووی عێراق پڕە لە نەهامەتی و شەڕ و گەمارۆ و پاشاگەردانی، سەدام حوسێن نەوەستاو عێراقی خستە ناو چەندان سەركێشییەوە، دواترینیان گرتنی كوێت بوو، ئەو هەنگاوەی بە دەرهێنانی پەڕ و باڵی عێراق و دواتر رووخاندنی رژێمەكەی لە 2003ەوە كۆتایی هات، راپۆرتێك زیانی گیانی و مایەكی 20 ساڵی رابردووی ئەمەریكا و عێراق بڵاو دەكاتەوە. 

نەهامەتییەكانی عێراق لە دوای 2003 كۆتاییان نەهات، كاتێك جۆرج دەبڵیو بۆش، سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا بڕیاری رووخاندنی سەدام حوسێنی بە زەبری هێز دا، دوای ئەوە ململانێیەكی تایفەیی لە 2006 و 2007 سەری هەڵدا، لە 2011 هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق كشانەوە، لەو ساتەوە ئیسلامی سیاسی سوننە و شیعەی سەر بە ئێران، كە دەسەڵاتیان گرتە دەست، كەوتنە ململانێ و چەند بزاوێكی تیرۆریستیش، قاعیدە و دواتر داعش، دروست بوون و مملانێكانیان گەرمتر كرد.

هێزەكانی ئەمەریكا دوای دەركەوتنی داعش لە 2014 هاتنەوە عێراق و سووریا، 2500 سەرباز لە عێراق و 900 سەربازیش لە سووریا جێگیر بوون، بەپێی توێژینەوەیەكی زانكۆی براون لەبارەی تێچووی دارایی و گیانی جەنگی عێراق و سووریا تا ئێستە ئاماژە دەكات، تێچووە مایەكییەكە گەیشتووەتە 1.79 ترلیۆن دۆلار، لەوانە حەرجییەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و چاودێریی شەڕوانە دێرینەكان و سوودی سەر قەرزی پاڵپشتیكردنی ململانێكان.

بە رەچاوكردنی خەرجییە پێشبینیكراوەكانی چاودێری شەڕوانە دێرینەكان تا 2050، خەجییەكە بۆ 2.89 ترلیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە، سەبارەت بە زیانە گیانییەكانیش، لە ماوەی 20 ساڵ زیاتر لە 4599 سەربازی ئەمەریكی لە عێراق و سووریا كوژراون، لە نێوان 550 بۆ 585 هەزار عێراقی بە سەرباز و هاووڵاتی و میدیاكار كوژراون، ئەوانە جیا لە مردنی ناراستەوخۆ بەهۆی نەخۆشی و ئاوارەیی و برسیەتییەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل