ڕێككه‌وتنی نێوان سعوودیه و ئێران له هه‌فته‌ی ڕابردوو به ده‌سپێشخه‌ری و پشتیوانی چین بووه‌ته ڕۆژه‌ڤی میدیاكان و سیاسه‌توانانی ناوچه‌كه و جیهان، به‌ڵام تا ئێسته كه‌مترین ورده‌كاری له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ڕۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرناڵ له زاری به‌رپرسانی سعوودیه و ئه‌مه‌ریكاوه په‌رده له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌ڵده‌داته‌وه و كۆمه‌ڵێك زانیاری نهێنی ئاشكرا و بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه له زاری به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا و سعوودیه گواستوویه‌تییه‌وه، كه یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه بریتی بووه له وه‌ستانی ئێران له هه‌نارده‌كردنی چه‌ك و مووشه‌ك بۆ حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، تا له دژی سعوودیه به‌كاری بهێنن، ئه‌مه داوایه‌كی سه‌ره‌كی سعوودیه بووه و ئێرانیش ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشانداوه و له نێو ڕێككه‌وتنه‌كه بوونی هه‌یه، به‌ڵام هه‌مووان به گومانه‌وه سه‌یری ئه‌و به‌ڵێنه‌ی ئێران ده‌كه‌ن و له‌و بڕوایه‌دان كه تاران ناتوانێ هه‌نگاوێكی له‌م چه‌شنه دژی حووسییه‌كان بگرێته‌به‌ر و ڕێگه‌ی تر ده‌دۆزێته‌وه، تا چه‌ك له ڕێی ده‌ستی سێیه‌مه‌وه بگه‌یه‌نێته یه‌مه‌ن.
ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه قسه‌یان بۆ ڕۆژنامه‌كه كردووه نایشارنه‌وه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌گه‌ر به كرده‌یی ئێران پابه‌ندی ئه‌و خاڵه‌ی نێو ڕێككه‌وتنه‌كه ببێ و چیتر چه‌ك بۆ حووسییه‌كان ڕه‌وانه نه‌كات، ئه‌وا ده‌بێته یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره بۆ هاندانی حووسییه‌كان به ئاراسته‌ی گفتوگۆ و دانوستاندنكردن له‌گه‌ڵ سعوودیه و حكوومه‌تی یه‌مه‌ن كه له سعوودیه بوونی هه‌یه، به‌مشێوه‌یه‌یش ئه‌گه‌ری كۆتایی ته‌نگژه‌ی یه‌مه‌ن نزیك ده‌بێته‌وه و ناوچه‌كه ئارامی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت.
ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌مه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێران و زانینی ئاستی ڕژدییه‌تی له پابه‌ندبوون و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له په‌كین له‌گه‌ڵ شانشینی عه‌ره‌بی سعوودیه واژووی كردووه، ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێ پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه بێ، ده‌بێ بێ چاوه‌ڕوانیكردن هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه بهاوێژێت، چونكه له ناوه‌رۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه هاتووه، كه ئه‌گه‌ر گرژییه‌كان له یه‌مه‌ن كه‌مبوونه‌وه و ئێران چه‌كی بۆ نه‌ناردن و هانیدان تا گفتوگۆ بكه‌ن، ئه‌وا دوای دوو مانگ له واژووكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه هه‌ریه‌ك له سعوودیه و ئێران هه‌نگاو ده‌نێن، تا باڵوێزخانه له تاران و ڕیاز دووباره بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش دوای نزیكه‌ی ده‌یه‌یه‌ك له گرژی و ئاڵۆزی كه له نێوان هه‌ردوو وڵات به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ بوونی هه‌یه.
شازاده فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان پێنجشه‌می ڕابردوو له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران به نێوه‌ندگیری چین قسه‌ی كرد و گوتی، ڕێككه‌وتنه‌كه به‌نده به ڕێزگرتنی هه‌ردوولا له سه‌روه‌ری یه‌كتر و ده‌ستوه‌رنه‌دان له كاروباری ناوخۆی یه‌كتر، واته سعوودیه ده‌ست له كاروباری ناوخۆی ئێران وه‌رنه‌دات و ئێرانیش به پێچه‌وانه‌وه هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه نه‌نێ و هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بده‌ن و دوور بكه‌ونه‌وه له شكاندن و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری یه‌كتر.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی له نه‌واكشۆتی پایته‌ختی مۆریتانیا ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گفتوگۆ و دانوستاندنه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌وه‌یش ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵ له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان له به‌غدا و مه‌سقه‌ت و په‌كین گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، تا هه‌ردوولا بگه‌ین به ڕێككه‌وتن و ڕێز له سه‌روه‌ری یه‌كتر بگرین و به‌هاكانی دراوسێیه‌تی باش پێڕه‌و بكه‌ین، سعوودیه‌یش چاوی له‌وه‌یه كه ئه‌و ڕێككه‌وتنه فره‌وان بكات، تا وڵاتانی كه‌نداو به گشتی له ئارامی و ئاسایش‌دا بژین و گرژییه‌كانی سه‌رجه‌م وڵاتانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كۆتایی بێت.
دۆسیه‌ی یه‌مه‌ن یه‌كێكه له دۆسیه هه‌ره گرنگه‌كان به‌لای سعوودیه‌وه و له چه‌ند ساڵی ڕابردوویش حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن چه‌ندانجار به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌كی بالیستیك كه له ئێرانه‌وه گه‌یه‌نراوه‌ته ده‌ستی حووسییه‌كان، هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر سعوودیه، به‌رپرسێكی سعوودیه‌یش ئاماژه‌ی به‌وه دا، كه ئه‌و ڕێككه‌وتنه كۆتایی به پچڕانی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات له ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ڕابردوو ده‌هێنێت و پابه‌ندبوونی هه‌ردوولایش وا ده‌كات كه هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا بنرێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی سعوودیه كه له دانوستاندنه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران به‌شدار بووه و وۆل ستریت جۆرناڵ ناوی بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه زانیاری زۆرتری خستووه‌ته ڕوو و ده‌ڵێ، دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له په‌كین پێنج جار به‌ر له ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتنه‌كه به چڕی ئه‌نجام دراوه و به وردی په‌نجه خراوه‌ته سه‌ر ئه‌و كێشه و ناكۆكییه‌كانی له نێوان هه‌ردوو وڵات بوونی هه‌یه و وایكردووه كه ئاسان نه‌بێ بتوانن پێوه‌ندییه‌كانی نێوانیان ئاسایی بكه‌نه‌وه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یشكردووه، كه جیا له ڕێزگرتن له سه‌روه‌ی یه‌كتر و ده‌سبه‌رداربوونی ئێران له پشتیوانیكردنی حووسییه‌كان، هاوكات دۆسیه‌ی وه‌ستاندنی هێرشی میدیایی له‌لایه‌ن میدیاكانی هه‌ردوو وڵاته‌وه‌یش ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، له هه‌نگاوی داهاتوویش بڕیاره وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سعوودیه به فه‌رمی له‌گه‌ڵ یه‌كتر بێ به‌شداری به‌رپرسانی چین كۆ ببنه‌وه و بتوانن هه‌نگاوی بوێرانه‌تر به ڕووی یه‌كتر بنێن.