بانگخوازێكی ئیسلامی: دروستكردنی كارگەیەك لە دروستكردنی 20 هەزار مزگەوت خێرترە

:: PM:08:13:17/03/2023 ‌
بانگخوازێكی میسری لە میانی بەشداری لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا رای گەیاند، كە دروستكردنی كارگەیەك خێری زیاترە لە دروستكردنی 20 هەزار مزگەوت و بەڵگەی بۆ قسەكەیشی قسەی یەكێك لە ئیمامەكانی ئیسلام بوو. 

خالید جوندی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری  ئیسلامی لە میسر لە میانی بەشداری لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا لە چوارشەمی رابردوو رای گەیاند، ئیمامی مسوڵمانان "ئیبن قیەم" قسەیەكی جوانی هەبوو كە گوتوویەتی" ئەگەر بەرژەوەندییەكانی مرۆڤ لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئاین یەكی نەگرتەوە، ئەوە بەرژەوەندییەكانی مرۆڤ پێش بەرژەوەندییەكانی ئاین دەكەوێت و "ئەولەویەت" بۆ بەرژەوەندییەكانی مرۆڤە". 

خالید جوندی لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تەلەفزیۆنی MBC لە بەرنامەی "لعلهم یفقهون" زیاتر گوتی، لە ئاینی ئیسلام بەردەوام بەرژەوەندییەكانی مرۆڤ خراوەتە پێش بەرژەوەندییەكانی ئاین و ئەمەیش ویستی خوای گەورەی لەسەرە، هاوكات نموونەی بەوە هێناوە كە دروستكردنی كارگەیەكی پەین زۆر گرنگترە لە دروستكردنی 20 هەزار مزگەوت. 

جوندی پێی وایە، كارگەی پەین دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی نان و سەموون و مەعكەرۆنە و بابەتەكانی تر، چونكە ئەم بەرهەمانە لە زەوی نایەنە دەر بە سرووشتی و پێویستیان بە پەینی كیمیایی هەیە بۆ بەرهەمهاتن، ئاماژەی بەوەیش كرد كە ساڵانە 20 ملیۆن كەس لە میسر زیاد دەكات و ئەگەر كارگەی پەین پێش دروستكردنی مزگەوت نەدرێت ئەوا ئەوانە لە برسیەتی دەناڵێنن و پێویستە خواردنیان بۆ ئامادەبكەین. 

لە درێژەی قسەكانیدا خالید جوندی گوتی، ئەگەر ئێمە خۆمان ژێرخانی خۆمان بنیات نەنێین، ئەوا جوبرائیل و ئیسرافیل و عیزرائیل نایەن بۆمان دروست بكەن " مەبەست لێی فریشتەكانی خوان" كە لە ئاینی ئیسلام ناویان هێنراوە.


وشە - تایبه‌ت