سعوودیە: تا 13ی رەمەزان بواری پێشكەشكردنی داوا بۆ ئەنجامدانی عومرە نەماوە

:: PM:08:47:17/03/2023 ‌
سیستمی ئەلیكترۆنی عومرەی سعوودی رای گەیاند تا ئێستە 800 هەزار عومرەكار داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ ئەنجامدانی عومرە لە مانگی رەمەزان، بە شێوەیەك پشكی 13 رۆژی تەواوی یەكەمی رەمەزان بە تەواوی پڕبووەتەوەوە رەنگە بۆ 10 رۆژەكەی كۆتایی رەمەزانیش داواكاری تر وەرنەگیرێت لە عومرەكاران. 

ئەمڕۆ هەینی 17ی ئاداری 2023، رۆژنامەی "عوكاز"ی سعوودی بڵاوی كردەوە كە سەكۆی ئەلیكترۆنی "نەسك"ی تایبەت بە پێشكەشكردنی داوانامە بۆ ئەنجامدانی عومرە لە مانگی رەمەزاندا ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە سعوودیە ئەمساڵ زۆر قەرەباڵغ دەبێت، بە شێوەیەك شەش رۆژی یەكەمی رەمەزان قەرەباڵغییەكی زۆر و حەوتی پاشتریش قەرەباڵغییەكی مامناوەند و سێ رۆژی دواتریش قەرەباڵغییەكی ئاسایی بەخۆیەوە دەبینێت و بەمشێوەیە 13 رۆژی یەكەمی رەمەزان سعوودیە ناتوانێت هیچ داواكارییەكی تر بۆ عومرەكاران قبووڵ بكات، هاوكات ئاماژەی بەوەدا رەنگە 10 رۆژەكانی دوای 13ی رەمەزانیش ئەستەم بتوانێت پێشوازی لە عومرەكاران بكات. 

لای خۆیەوە "عەبدولرەحمان شەمس" بریكاری وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودی رای گەیاند، تا ئێستە نزیكەی 800 هەزار عومرەكار لە  دەرەوەی وڵاتەك رێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنی "نەسك"ەوە داواكارییان بۆ عومرە پێشكەش كردووە. 

وەزارەتەكە ئەوەیشی خستەڕوو كە ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی كە چاوەڕوان دەكرێ لە رەمەزانی ئەمساڵدا سەردانی سعوودیە بكەن بۆ ئەنجامدانی گەشتی عومرە.


وشە - تایبه‌ت