دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی رەمەزان گۆڕا

:: AM:09:02:18/03/2023 ‌
وەزیری بازرگانیی عێراق دابەشكردنی سەبەتە خۆراكی مانگی سێی راگەیاند و فەرمانی بە كۆمپانیای دابینكردنی خۆراك كردووە، ئەمڕۆ دەست بكەن بە دابەشكردنی، شێوازی دابەشكردنەكەش گۆڕاوە.

دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی سێ‌ كە دەكەوێتە مانگی رەمەزان، لە ئەمڕۆوە دابەش دەكرێ‌ و پێشبینیش دەكرێ‌ سبەی بگاتە هەرێمی كوردستانیش.

ئەسیر داود وەزیری بازرگانیی عێراق، دەستپێكردنی ژەمی سێیەمین ژەمی سەبەتەی خۆراك و سەبەتەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی بۆ ساڵی 2023 ڕاگەیاند.

ئامادەكارییە تەكنیكی و كارگێڕییەكانی تەواو كراوە
بەپێی بڕیارەكە، ئەمڕۆ شەموو دەست دەكرێت بە دابەشكردنی، وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش رای گەیاندووە، ئامادەكارییە تەكنیكی و كارگێڕییەكانی تەواو كراوە بۆ وەرگرتنی ئەو كەرەستانەی بۆ حیسابی سەبەتەی خۆراك لە كۆگەكانیدا دابین كراون.

باس لەوەش كراوە، بەپێی پلانی بازاڕكردن بۆ مانگی رەمەزان كە ئامادە كراوە، لە هەژارترین ناوچەكانەوە دابەشكردنی بەشەخۆراك دەست پێ دەكات و دواتر دەچێتـە ناوچەكان و گەڕەكانی تر لە هەر پارێزگایەك.

بەڕێوەبەری گشتی خۆراكی عێراقیش رای گەیاندووە، بۆ ئەوەی ئەو خۆراكە بگات بە دەستی هاووڵاتییان، لە ڕۆژانی پشووشدا كار دەكەن و كەرەستەكان دەبێت بگات بە هاووڵاتییان بەبێ‌ هیچ كەموكوڕییەك.



وشە - رامیار جەواد