كێشە بۆ دابەشكردنی مووچەی ڕۆژی دووشەم دروست بووە؟

:: AM:11:59:18/03/2023 ‌
لەناو كەمئەندامان دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە كە دابەشكردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكەوێتە دوای نەورۆز و ڕۆژی دووشەم دابەش ناكرێت. لەوبارەیەوە بەرپرسێكی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان چەند زانیارییەك رادەگەیەنێت.

بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژی دووشەم 20ـی ئادار، مووچەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دابەش دەكرێ‌.

بۆیە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دڵنیا دەكەینەوە ئەو دەنگۆیانە راست نین.
ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئادار، شڤان محەمەد ئەندامی كۆمەڵەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دەنگۆی دواكەوتنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەیە و ئەمەیش نیگەرانیی لای ئەو توێژە دروست كردووە.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ لە بەرپرسانی حكوومی ئەو بابەتەمان پرسی، دڵنیاییان پێ داین كە هیچ ئەگەرێك نییە بۆ دواخستنی.

دووپاتی كردەوە، پێیان گوتین ڕۆژی دووشەم مووچەی خۆتان لەكاتی خۆی وەردەگرن، بۆیە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دڵنیا دەكەینەوە ئەو دەنگۆیانە راست نین.

لە هەرێمی كوردستان 94 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەن و لەلایەن حكوومەتەوە هاوكاری دەكرێن بە بڕی 150 هەزار دیناری مانگانە.






وشە - رامیار جەواد