ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر رای گه‌یاند، لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه پێكهێنراوه كه نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كانیان زیاد كردووه و له داهاتوو هه‌ر نرخێك زیاد بكرێ ئه‌وه پڕۆژه‌كه ده‌خرێته‌وه ته‌نده‌ر.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 18ی ئادار/ مارس، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، به‌رزاییه‌كانی كه‌سنه‌زان شوێنێكی گه‌شتیاری گرنگه و له داهاتوو چه‌ندان پڕۆژه‌ی لێ دروست ده‌كرێ و زانكۆی له‌نده‌نیش هه‌ر له‌و سنووره ده‌بێت، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین ئه‌و به‌رزاییه‌كانی كه‌سنه‌زان به پاكوخاوێنی رابگیرێت و ژینگه‌كه‌ی نه‌بێته هۆی مه‌ترسیی.
له‌میانه‌ی پرسیارێكی "وشه" له‌باره‌ی گرانبوونی نرخی خزمه‌تگوزاری ستییه‌كان، ئومێد خۆشناو گوتی، لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه بۆ چاودێری نرخه‌كانی خزمه‌تگوزاری و له‌ماوه‌ی رابردوویش چه‌ندان ستی و پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون به‌هۆی زیادكردنی پاره‌ی خزمه‌تگوزاری سزا دراون.
ڕوونیشی كرده‌وه كه لیژنه‌كه بڕیاری داوه دوای چه‌ند جارێك سزادانی پڕۆژه‌كه، پڕۆژه‌كه بخرێته ته‌نده‌ره‌وه و بدرێت به وه‌به‌رهێنه‌ری تر. بۆیه هیوای خواست كه ته‌واوی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون پابه‌ند بن به‌و نرخی خزمه‌تگوزارییه‌ی بۆیان دیاری كراوه و قبووڵ ناكرێ نرخ زیاد بكرێ.
ئەم لێدوانەی ئومێد خۆشناو بۆ "وشە" دوای ئەوە دێت كە لەلایەن هەریەك لە دانیشتووانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی ئیسكان و رۆیاڵ ستی "وشە" ئاگاداركرایەوە كە نرخی خزمەتگوزارییەكان لەلایەن كارگێڕی ئەم پرۆژانەوە لەسەر دانیشتووان زیاد كراوە، بە جۆرێك لە ئیسكان پێشتر مانگانە تەنیا 70 هەزار دینار بەرانبەر خزمەتگوزاری وەردەگیرا ئێستە كراوە بە 100 هەزار دینار و لە رۆیال ستیش بە هەمان شێوە نرخی خزمەتگوزارییەكان لە 100 هەزارەوە كراوە بە 135 هەزار دینار.