20 ساڵ تێپەڕی.. شیعەی عێراق لە نێوان شكست و گەندەڵی دەوڵەتی مەزەویدا

:: PM:05:48:18/03/2023 ‌

بە شایەتی چاودێرانی سیاسی لە عێراقی نوێی دوای 2003دا دەستەبژێری سیاسی شیعە سوودمەندترین بوون لە عێراق، لە دوای رووخانی سەدام حوسێن و هاتنی سوپای ئەمەریكا، ئەوان توانیان لە رێگەی ئێران و ئەو بۆشاییەی سوننە دروستیان كرد و لە سایەی بێدەنگی و هاوپەیمانیان لەگەڵ كورد، دەسەڵات لە بەغدا بگرنە دەست، تا ئەمڕۆش بە هزرێكی مەزەی و بە هاوشێوەی ئێران لە فەرمانڕەوایەتی عێراق بەردەوامن، بۆیە ئەوان بەرپرسن لە تەواوی ئەوەی هەیە و روودەدات، ئەو تەنگژە و گەندەڵی و مەزەوییەی هەیە رەنگدانەوەی عەقلیەتی شیعەیە لە فەرمانڕەوایەتی وڵاتێك.

ئەمەریكا بۆ هەر مەبەستێك عێراقی داگیر كردبێت یان ئازادی كردبێت، وەك سەرچاوە جیاجیاكان وەسفی دەكەن، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە دەیەوێ عێراقێكی نوێی دیموكراسی و گەشەسەندوو بنیات بنێت، كەچی ئەوەی رووی دا ژمارەیەك حكوومەتی دوای یەك هاتن عێراقییەكانیان كردە نێچیرێك بۆ شكست و بێئومێدی، بەشێوەیەك عێراقییەكان دەڵێن سەركردەكانیان تا ئێستەش بەڵێنەكانیان بە چاكسازی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی بێكاری و هەژاری نەبردووەتە سەر.

بەپێی ئەو سیستمە سیاسییەی لە 2005 لە عێراق پێڕەو كراوە، سەرۆك وەزیرانی شیعەیە و سەرۆكی پەرلەمان سوننە و سەرۆك كۆماریش كوردە، بۆیە هەموو دەسەڵاتەكان بە دەستی سەرۆك وەزیرانەوەیە و پۆستەكانیتر زیاتر رەمزین، بۆیە لە عێراقی دوای رووخانی سەدام حوسێن شیعە سوودمەندی سەرەكییە و توانیان كۆنترۆڵی گۆڕەپانی سیاسی بە هاوسەنگییەكی لەرزۆك و پووكاوە بكەن.

لە عێراقێكی فرە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئەتنی و مەزەوی و ئاینیدا، ئێران لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكاری و رووداوە ئاسایی و نائاساییەكانی ئەو وڵاتە دەكات، كاتێك دەستەبژێری سیاسی شیعەی نزیك لە ئێران بەسەر كایەكانی گشتی ژیان لەو وڵاتە باڵادەستن، ئەوەش لە شەقامەكان زۆر بەجوانی هەستی پێ دەكرێت بە بڵاوبوونەوەی وێنەكانی ئیمام حوسێن، یان رێورەسمەكانی لەخۆدانی شیعە.

دوای 20 ساڵ تا ئێستە پێكهاتەی دەسەڵات لە بەغدا نەگۆڕاوە، لەو ساتەوە هەمان ناو و ناونیشان بەسەر ناوماڵی شیعە و حكوومەت زاڵە، وەك ناوەكانی نووری مالیكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و دەیانی تریش، مالیكی لەدوای 2003ەوە بەسەر حكوومەتەكانی شیعەدا زاڵە، ئەگەرچی دوای ئەوە بە گوشاری ئێران یاریكەری نوێ، كە سەرانی میلیشیاكانن هاتنە سەر گۆڕەپانەكەوە، مالیكی لە 2014 بە گوشاری ئەمەریكا و ئێران و بەهۆی شكستی بەرانبەر بە داعش دوور خرایەوە، بەڵام هێشتا وەك رابەرێك سەیر دەكرێت.

هەرچی هادی عامرییە، كە سەرۆكی رێكخراوی بەدری شیعەی سەر بە ئێرانە و لە هەشتاكانی سەتەی رابردوو لەپاڵ سوپای پاسداران و سوپای ئێران شەڕی عێراقی دەكرد، ئێستە ئەو رێكخراوە بەشێكە لە حەشدی شەعبی و لەناو پەرلەمان و حكوومەت نوێنەرایەتی باشی هەیە، عامری لەدوای هاتنی ئەمەریكا بەوە تۆمەتبار كرا كە سەركردایەتی تیمەكانی كوشتنی تایفی دەكات، ئەو لەبارەی عەلی خامنەییشەوە دەڵێت، تەنیا سەركردەی ئێرانییەكان نییە، بەڵكو سەركردە نەتەوەی ئیسلامییە.

قەیس خزعەلی، سەركردەی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق، بەشێكی حەشدی شەعبی و خاوەن نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق، پێشتر لەگەڵ سوپای مەهدی رووبەڕووی ئەمەریكا بووەتەوە، دوای ئەوە ئەمەریكا خۆی و گرووپەكەی بە رێكخراوێكی تیرۆریستی داناوە، مەرسین شمەری، توێژەر لە زانكۆی هارڤاردی ئەمەریكی دەڵێت، ئەو دەستەبژێرە سیاسییە توانیان خۆیان بچەسێنن، ئەوەی لە 20 ساڵی رابردوو رووی دا ئەوان لە بەرپرسانی دەوڵەتەوە بوونە سەرۆك حزب، تا ئێستەش دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست.

فەنەر حەداد، توێژەر لە كاروباری عێراق لە زانكۆی كۆبنهاگن دەڵێت، هیچ شتێك بەقەدە داگیركردنی عێراق لە 2003 خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئێرانی نەكردووە، شیعە سوودمەندترین بوونە لە عێراق، ئەوان توانیان كۆنترۆڵی گۆڕەپانی سیاسی بكەن، لەو ساتەوە بنەماكانی رژێمی سیاسی لە عێراق نەگۆڕاوە، ئەو بنەمایانەی لە 2003 و 2005 هاتە جێگیركردن، تا ئێستە ژیانی سیاسی لە عێراق بەڕێوە دەبەن، ئەگەرچی ناو ماڵی شیعە ناكۆكی بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوانە لە دوای هەڵبژاردنی 2021 لە نێوان شیعەی نزیك لە ئێران و موقتەدا سەدرەوە، كە لە ئابی 2022 گەیشتە ئاستی شەڕ و پێكدادان.  

ئێستە لەناو شەقام ئەو دەستەبژێرە شیعە بە دووركەوتنەوە لە خواستی ئەوان و دەنگدەران تۆمەتبار دەكرێن، ئەوان رووبەڕووی كێشەی شەقام دەبنەوە زیاتر لەهەر كاتێكی تر، وەك ئەو ناڕەزایەتییە فرەوانەی لە 2019 لە دژی حكوومەت و هێز و میلیشیا شیعەكان سەری هەڵدا، ئەوانەی راپەڕین هەر شیعە بوون، ئەوان بەدەستی هەژاری و كەمیی خزمەتگوزاری و فەرامۆشكردن دەیانناڵاند، سەركۆنەی گەندەڵی تەشەنەكردوو و بێكاری گەنجان و خراپیی ژێرخانی خزمەتگوزاریان دەكرد، لە بەغدا و تەواوی شارەكانی شیعە لە ناوەڕاست و باشوور هاتنە سەر شەقامەكان.

شمەری ئاماژە بۆ گۆڕانكاری لە نەوەی ئێستە دەكات، ئەوان دوورن لە خواستی دەنگدان لەسەر بنەمای ناسنامە، كە لە 2005ەوە هێزە شیعەكان سوود لەوە دەبینن، بۆیە ئەگەر لە هاووڵاتییەكی شیعە بپرسی كە ئاخۆ نیگەرانە لەوەی دەسەڵات بەدەستی شیعە نەمێنێت، رەنگە ئەوە دوا شت بێت نیگەرانی بكات، بەشێوەیەك عێراقییەكانی لەدایكبووی دوای 2003 لە وڵاتێك گەورە بوونە كە بەدەست نادادوەری و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل