دوای بڕیاری دادگەی تاوانەكان پوتین دەگیرێت؟

:: PM:07:05:18/03/2023 ‌

دوێنێ دادگەی ناودەوڵەتی تاوانەكان یاداشتێكی گرتنی بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆكراینا دەركرد، ئەو شەڕەی لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كردووە و تا ئێستەش بەردەوامە، بەڵام ئاخۆ پوتین لە لاهای دادگەیی دەكرێت؟ 

لای خۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی یاداشتەكەوە گوتی، ئەو كارە پاساوی هەیە، ئەمەریكا بەشێك نییە لە دادگەكە، بەڵام بڕیارەكەی ئاماژەیەكی زۆر بەهێزە.

لەو كاتەی ئەو بڕیارە بۆ 123 وڵاتانی ئەندام لە دادگەكە پابەندی تیادایە و دەبێت لە حاڵەتی بوونی پوتین لەسەر خاكەكەیان جێبەجێی بكەن و بیگرن، كەریم خان، داواكاری گشتیی دادگەكە دەڵێت، راستە دەبێت بگیرێت، بڕیارەكە گەشتكردن بۆ پوتین بەزەحمەت دەكات، بەڵام دادگەكە پۆلیسی تایبەت بەخۆی نییە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی و پشت بە هاوكاریی ئەندامانی دەبەستێت.  

راستییەكەی كەمجار هەیە وڵاتانی ئەندام لەو دادگەیە بڕیارەكانی جێبەجێ بكەن، بەتایبەتی پێوەست بە سەرۆك دەوڵەتێكی وەك پوتین، ماسیۆ واكسمان، مامۆستا لە كۆلێجی یاسا لە زانكۆی كۆڵۆمبیا دەڵێت، هەنگاوێكی گرنگی دادگەی نێودەوڵەتی تاوانەكان بوو، بەڵام ئەگەری جێبەجێكردنی كەمە بەوەی ببینین پوتین گیراوە.

لە هۆكارەكانی نەگیرانی پوتین، رووسیا بە هاوشێوەی ئەمەریكا و چین ئەندامی دادگەكە نییە، دواتر مۆسكۆ گرتنی پوتینی رەت كردووەتەوە و هیچ هاووڵاتییەكی لە هەر دۆخێك رادەست ناكات، دیمیتری بیسكۆڤ، گوتەبێژ بەناوی كرملین دەڵێت، رووسیا ددان بە دەسەڵاتی ئەو دادگەیە دانانێت، بۆیە بڕیارەكانی بەتاڵن، سیسیلی رووز، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانكۆی لیدن دەڵێت، ئەگەرێك نییە پوتین خۆی لەناو زیندان بەهۆی تاوانی جەنگ بدۆزێتەوە، مەگەر رژێمی رووسیا بێتە گۆڕان.  

شایەنی باسە تا ئێستە چەندان فەرماندەی سەربازی و سەركردەی سیاسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دادگەیی كراون، لەوانە سلوبودان میلۆسیفیچ، سەرۆكی پێشووی یوگسلاڤیا، چارلز تایلۆر، سەرۆكی پێشووی لایبریا، رادۆڤان كاراجیچ، سەرۆكی پێشووی سربەكانی بۆسنە، راتكۆ ملادیچ، فەرماندەیەكی پێشوو لە سوپای كۆماری سربەكانی بۆسنە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل