گردێكی شوێنەواری هەزاران ساڵە لە سەیدسادق تێكدەدرێت‎‎

:: PM:09:49:18/03/2023 ‌

ئەمرۆ شەموو گردێكی شوێنەواری هەزاران ساڵە لە سەیدسادق تێك درا، هاوكات چەندان پارچە شوێنەواری دێرینی تیادا دیارنامێنێت، بەرپرسانی ناوچەكە قسە ناكەن، شوێنەوارناسێكیش دەڵێت، دەبێت ئەم حاڵەتە بەخێرایی چارەسەر بكرێت و بكەران سزا بدرێن، بۆ ئەوەی نەبێتە دیاردە.

لەمبارەیەوە "وشە"، پێوەندی بە قایمقامی سەیدسادقەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە بكات، هاوكات زانا عەبدوڵا، شوێنەوارناس و چالاكێكی شارۆكەكە و بە "وشە"ی گوت، دەبێ ئیدارەی شارۆكەكە بێدەنگ نەبێت بەرانبەر بەم حاڵەتە، بۆ ئەوەی نەبێت بە دیاردە و مێژوو و كولتوور و شوێنەوارمان نەشێوێت، چونكە شوێنەوار موڵك و ناسنامە و  مێژووی هەمووانە.
شوێنەوار موڵك و ناسنامە و مێژووی هەمووانە
زیاتر گوتی، شوێنەوار وەك سامانێكی نەتەوەیی نرخی نازانرێت، بۆیە تێكدانی گردێكی شوێنەواری هەزاران ساڵە، ئەوپەڕی بێویژدانی و نابەرپرسیارییەتە و دەبێت ناوچە شوێنەوارییەكانی شارەزوور بپارێزرێن، لایەنە پێوەندیدارەكان رێگری لەو جۆرە كارانە و دەستدرێژی بۆ سەر شوێنەوارەكانی ناوچەكە و كوردستان بكەن.

"وشە"، زانیویەتی ئەم گردە دەكەوێتە گوندی قلرخی نزیك شارۆكەی سەیدسادق، گردێكی شوێنەوارییە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، لە ساتی تێكدانیدا چەندان پارچە شوێنەواری بەنرخ و بەها دۆزراونەتەوە و هەڵگیران و براون.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد 







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل