پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن كۆ دەبێتەوە

:: AM:10:11:19/03/2023 ‌
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆ دەبێتەوە، بەڵام روون نییە هەموارەكە پەسند دەكرێ یان نا.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئادار،خدر مەنتك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی چەند پرسێكەوە بەڕێوە دەچێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیارە دەنگ لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بدرێت.

لەوبارەیەوە ناوبراو گوتی، " نازانم هەموارە دەنگی لەسەر دەدرێ یان نا، لەبەر ئەوەی بۆچوونی جیاواز لەسەر هەموارەكە زۆرن".

كۆبوونەوەكە لە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەندێك سەرچاوەی نافەرمیش، پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر هەموارەكە نادات، چونكە ناكۆكی هەیە لەسەر ئەو پرسە.

لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، داوا دەكەن یەك بازنە و بە سیستمی سانت لیگۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەرێوەبچێ، بەڵام فراكسیۆنە سەربەخۆكان و هێزە بچووكەكان، داوا دەكەن بە فرەبازنەیی بەڕێوە بچێت و ئەو سیستمە كاری پێ نەكرێت.

سیستمی سانت لیگۆ/ بۆ نموونە پێنج لیست هەیە، لیستی یەكەم ملیۆنێك دەنگ، دووەم 900 هەزار دەنگ، سێیەم 800 هەزار دەنگ، چوارەم 700 هەزار دەنگ و پێنجەم 600 هەزار دەنگی هێنابوو، ئەگەر سیستمەكە بە دابەشكاری یەك 1.7 جێگیر كرابوو، لە گەڕی یەكەم هەموو لیستەكان دەنگەكان دابەشی 1.7 دەكرێت، پاشان ئەو دەنگانەی دەمێننەوە، دابەشی (3،5،7،9 ...) دەبنەوە ئەوكاتەی كورسییان هەبێت.

هەروەها لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگدان لەسەر متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی لێكۆڵینەوەی متمانەپێكراوی تۆڕی هەواڵی عێراق دەكرێت. 

كۆبوونەوەكە لە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.
 


وشە - زریان تەها