سەرۆك بارزانی: ئەمەریكییەكان بیرۆكەی ئێمەیان پەسند كرد

:: AM:11:51:19/03/2023 ‌
سەرۆك بارزانی لە نوێترین چاوپێكەوتنی میدیایی لەبارەی داگیركردنی عێراق رای گەیاندووە، گەورەترین هەڵەی ئەمەرییكەكان ئەوەبوو لە ئازادكردنەوە بوون بە داگیركەری عێراق.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئادار، سەرۆك بارزانی لە نوێترین چاوپێكەوتنی لە گەڵ رۆژنامەی "شەرق ئەوسەت"، كۆمەڵێك زانیاری لەبارەی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە راگەیاندووە و لەبارەی كۆمەڵێك پرسەوە گفتوگۆ كراوە.

سەرۆك بارزانی بۆ رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لە مانگی نیسانی 2002دا شاندێكی ئەمەریكی هاتن بۆ لای ئەو و مام جەلال و بانگهێشتی واشنتنیان كردن، پێیان ڕاگەیاندن كە گۆڕانگاریی گەورە ڕوو دەدات، بەڵام سەرۆك بارزانی دەڵێت، "ئەمەریكییەكان وردەكارییەكەیان پێ نەگوتین".

ئەمەریكییەكانیش بیرۆكەی ئێمەیان پەسند كرد

لەبارەی سەردانەكەیان بۆ ئەمەریكا گوتی، "سەردانەكەمان نهێنی بوو، بەفەرمی پێیان گوتین بڕیار دراوە بەگۆڕینی رژێم و بەكارهێنانی هێزی سەربازی، دوای بۆچوونی ئێمەیان كرد، ئێمەش گوتمان ئەگەر ئێوە رژدن لە ڕووخاندنی سەدام، دوای ئەوە چی دەبێت؟ گوتیان بە دیاریكراوی لەبەرئەوە پێویستمان بەهاوكاریی ئێوە دەبێت".

لەو چوارچێوەیەدا سەرۆك بارزانی ئەوی خستەڕوو، ئەوان داوایان كرد كۆنگرەیەكی فراوان بە بەشداری تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەڕێوە بچێ. بۆ زیاتر دەڵێت، "لەو كۆنگرەیە بڕیار بدرێ چی بكرێت لە دوای رووخانی رژێم، ئەمەریكییەكانیش بیرۆكەی ئێمەیان پەسند كرد".  

"لە كۆنگرەی لەندەندا ڕێككەوتن لەسەر ناسنامەی عێراق كرا كە دەوڵەتێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەیی بێت". سەرۆك بارزانی وا دەڵێت.

لە كۆنگرەی لەندەن بەڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكییەكان، جای گاردنەر حاكمی مەدەنی بۆ هاوكاریكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كاتی، بەڵام سەرۆك بارزانی گوتی، "دواتر پۆل برێمەر هات و بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمەریكا لە ئازادكەرەوە بوون بە داگیركەر".

لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و مەدەنییەكانی ئەمەریكا، گوێی لێ نەبووە كە ئەمەریكییەكان نیازی گۆڕینی رژێمی سووریا و ئێرانییان هەبووبێت

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان بۆ رووخانی رژێم لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە، سەرۆك بارزانی ئەوەی دركاند، "ئێرانییەكان بڕیاری رووخاندنی رژێمی سەدامیان بە دڵ بوو، رەفسەنجانی گوتی، ئەمە بەلای ئێمەوە رووداوێكی گرنگ و سەركەوتنێكی گەورەیە". هەروەها لەبارەی توركیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەوان بە مەرج پشتیوانی پرۆسەكە دەكەن كە دوو فرقەی سەربازی جێگیر بكەن، فرقەیەك لە مووسڵ و ئەوەی تریش لە كەركووك.

ئەو كاتەی رژێمی عێراق رووخا، سوپا بەشێوەی كرداری هەڵوەشاوە بوو، بەڵام سەرۆك بارزانی گوتی، " لەدوای نۆی نیسان هەموو پێكهاتەكانی هەڵوەشایەوە".

هاوكات لەبارەی ئەو رووداوانەی لەم ساڵانەی دوای لە ناوچەكە روویان داوە، سەرۆك ئەوەی خستەڕوو كە لە دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و مەدەنییەكانی ئەمەریكا، گوێی لێ نەبووە كە ئەمەریكییەكان نیازی گۆڕینی رژێمی سووریا و ئێرانییان هەبووبێت.

رۆژی 20ی ئاداری 2003، ئەمەریكا و هێزە هاوپەیمانەكانی هێرشی سەربازییان كردە عێراق بۆ رووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن.

هاوكات ئەمەریكییەكان بیانووی هێرشەكەیان بۆ سەر عێراق ئەوە بوو كە سەدام حوسێن چەكی ناوەكی و مەترسیداری هەیە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی دنیا.



وشە - زریان تەها