حكوومەت 76 ملیۆن لیتر نەوتی دابەش كردووە

:: PM:01:11:19/03/2023 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ بڕی 76 ملیۆن لیتر نەوتی بەسەر هاووڵاتییان دابەش كردووە، زیاتر لە 383 هەزار خێزان سوودمەند بوونە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئادار، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، تا 16ـی ئاداری ئەمساڵ، بڕی 76 ملیۆن و 602 هەزار و 348 لیتر نەوتی سپیی ماڵانی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەش كردووە.

بەپێی دواین داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، 383 هەزار و 11 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، سوود مەندبوون و نەوتەكەش بەم شێوەیە دابەش كراوە:

لە پارێزگای هەولێر، 34 ملیۆن و 781 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی، بەسەر 173 هەزار و 908 خێزان دابەش كراوە.

لە پارێزگای سلێمانی، 24 ملیۆن و 97 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی بەسەر 120 هەزار و 489 خێزان دابەش كراوە.

لە پارێزگای دهۆك، 17 ملیۆن و 83 هەزار و 800 لیتر، نەوتی سپی بەسەر 85 هەزار و 419 خێزان دابەش كراوە.

لە پارێزگای هەڵەبجە، 639 هەزار و 148 لیتر نەوتی سپی بەسەر سێ هەزار و 195 خێزان دابەش كراوە.

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی تایبەتی بە كەرتی نەوت و گاز داوە، بۆ ئەمەش پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە بەمەبەستی دابینكردنی سووتەمەنی پێویست بۆ هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد