سێشەمی داهاتوو سوودانی بۆ سێ دۆسیە دەگاتە توركیا

:: PM:01:46:19/03/2023 ‌
سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ رای گەیاندووە، بڕیارە سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بۆ تاوتوێكردنی سێ دۆسیە، بگاتە توركیا و لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆ ببێتەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئادار، لەسەر زاری سەرچاوەكەیی حكوومەتی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، پێشتر سەرۆكی توركیا بە فەرمی بانگێشتی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردبوو بۆ سەردانی وڵاتەكەی، سەردانەكەی سێشەمی داهاتووی سوودانی، بۆ تاوتوێكردنی سێ دۆسیە دەبێت.

زیاتر روونی كردەوە، ئەو سێ دۆسیەیەی بڕیارە سوودانی لەگەڵ ئەرۆدغان گفتوگۆیان لەبارەوە بكات، بریتین لە دۆسیەی ئاو، دۆسیەی سنوور و دۆسیەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

سەرچاوەكە ئەوەشی گوت، لە سێشەمی 10/1/2023، سوودانی بانگێشتی فەرمیی ئەردۆغانی بۆ سەردانی وڵاتەكەی پێ گەیشت، ئەویش بەڵێنی ئەو سەردانەی دابوو.

هەر ئەوكاتیش ئەردۆغان لەڕێ تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ سوودانی كردووە و دووپاتی كردووەتەوە، گرنگە كێشەی پەكەكە كە لەناو خاكی عێراقدان چارەسەر بكات. هاوكات لە بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی توركیدا ئەردۆغان ئاماژەی داوە، ئەنكەرە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەپارێزێ، وەك ئەوەی دەبێ عێراقیش ئەو بەكات.

بەپێی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی توركیا، رێكخراوی پەكەكە لەناو خاكی عێراقدان و گرنگە كۆتاییان پێ بهێنرێت، ئەوەیش بۆ بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵاتە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د