مێزەكە بەسەر بافڵ قڵپ كرایەوە و بڕیارەكانی یەكسان بە سفر كرا

:: PM:02:45:19/03/2023 ‌
لاهوور شێخ جەنگی دوای بڕیارەكەی دادگای ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ بەشێوەیەكی فەرمی یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ عومەری سەید عەلی ئەنجام دا، ئەوەیش بەمانای گەڕانەوەی هاوسەرۆكی یەكێتییە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، لە هەمان كاتدا ناونیشانی هاوسەرۆكی بەكار هێناوە لەگەڵ ئەندامانی سەركردایەتی كە پێشتر بافڵ دەری كردبوون.

لاهوور شێخ جەنگی ماوەیەكی زۆرە لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆبوونەوە سیاسییەكان دوور كەوتووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ بەهێزترین حزبی سلێمانی ئەنجام دا، چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت، بەو دەركەوتنە و ئەو ناونیشانەی بەكاری هێناوە، هەموو بڕیارەكانی بافڵی رەت كردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئادار، دڵشاد سورچی چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، راگەیەنراوی كۆبوونەوەی نێوان لاهوور شێخ جەنگی و بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵێك پەیامی جیاوازی تێدابوو، بەڵام هەمووشی دژی بافڵ بوو.

زیاتر گوتی، بەكارهێنانی ناونیشانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ خۆی، بەكارهێنانی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ چەند ئەندامێك كە بافڵ دەری كردوون، مانای راگەیاندنی ئەوە دێ‌ هەر بڕیارێك بافڵ لە دوای هەشتی تەمووز دەری كردووە، رەت كراوەتەوە.

باسی لەوەش كرد، كێشەی سیاسیی ناو یەكێتی درێژەی دەبێت، چونكە كێشەكان بە یاسایی چارەسەر نەكراون، بەڵكو بەشێك لە بڕیارەكان رقن.

ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی لە نوێترین بڵاوی كردەوە و نووسیویەتی، وەك هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ پەروین كاكە ‌‌حەمە و ژینۆ محەمەد ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی، لە شاری سلێمانی سەردانی مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی و جەمال ‌‌حاجی محەمەد و سەفین مەلا قەرە و بەختیار عەولی، پێشوازییان لێ كرا.




وشە - رامیار جەواد