قەڵادزێ... پیاوێكی بە تەمەن لە زێی بچووكدا خنكا

:: PM:05:01:21/03/2023 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رای گەیاند كە تەرمی پیاوێكی كاسبكاری تەمەن 68 ساڵ گەیەندرایە نەخۆشخانە و ئەمڕۆ لە ئاوی زێی بچووكدا خنكاوە. 

بەپێی راگەیەندراوێكی پۆلیسی راپەڕین كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە هاتووە، كەمێك پێش ئێستە تەرمی هاووڵاتییەك بە ناوی "م.ع.ر" لە رەگەزی نێر، لە دایكبووی 1955 دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی راپەڕین گەیەندرایە نەخۆشخانە. 

پۆلیسی راپەڕین لە زاری كەسوكارەكەیەوە رای گەیاندووە، ئەم هاووڵاتییە كاسبكارە و  چەند ساڵێکە لەڕێگەی کەڵەک خەڵکی لە زێی بچوک دەپەڕێنێتەوە بۆ گوندی "بێخرێ" کە دەکەوێتە سنوری ناحیەی بنگرد، و ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە كە  دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەر کەڵەکەکەیەوە بەربۆتەوە ناو زێی بچووک و لە ئەنجامدا خنکاوە. 

پۆلیسی راپەڕین بە قسەی كەسوكارەكەی نەوەستاوە بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی خۆیان لەسەر ڕووداوەکە پۆلیسی دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە.




وشە - تایبه‌ت