ته‌نگژه‌ی ڕێگرتن له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال له نێوان حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه و تا ئێسته‌یش به‌غدا نه‌یتوانیوه میلیشیاكان و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌و سنووره ده‌ربكات، سه‌رچاوه‌كانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه په‌كه‌كه ژماره‌ی چه‌كدارانی له‌و ناوچه‌یه زیاتر كردووه و بارهگهكانیشی گۆڕیووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له باره‌گه‌كانی له‌لایه‌ن توركیاوه ئاشكراكران و پێشتر كرانه ئامانج، به‌وهۆیه‌وه‌یش ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان درێژه ده‌كێشێت و ناتوانرێ واده‌یه‌كی دیاریكرا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و شارۆكه‌یه دابنرێت.
شنگال یه‌كێكه له شارۆكه‌كانی سنووری پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وا و زۆرینه‌ی ڕه‌های دانیشتووانی كوردی ئێزیدین و ده‌كه‌وێته 115 كیلۆمه‌تر له ڕۆژئاوای مووسڵی ناوه‌ندی پارێزگه‌ی نه‌ینه‌واوه و هاوسنووره له‌گه‌ڵ پارێزگه‌ی حه‌سه‌كه له دیوی سووریاوه، به‌هۆی بوونی چیای شنگال له ڕووی سه‌ربازییه‌وه به ناوچه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیجی هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌وهۆیه‌وه له دوای ڕزگاركردنه‌وه‌ی شارۆكه‌كه له ده‌ست تیرۆریستانی داعش له كۆتایی 2015، چه‌كدارانی په‌كه‌كه و دواتریش میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و سنووره جێگیربوون و ئاماده‌نین بۆ هێزه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی فیدڕاڵ جێی بهێڵن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندانجار حكوومه‌تی به‌غدا بڕیاری بۆ ده‌ركردنی میلیشیاكان و په‌كه‌كه له سنووره‌كه داوه، كه دواجاریش ڕێككه‌وتنی شنگال بوو له نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق.
قادر قه‌چاغ یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و سنووره له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید" ڕای گه‌یاندووه، كه به‌لایه‌نی كه‌م زیاتر له 10 هه‌زار چه‌كداری په‌كه‌كه له ناوه‌وه‌ی شارۆكه‌ی شنگال و شاره‌دێكانی سه‌ر به شنگال و ده‌وروبه‌ری بوونیان هه‌یه كه دیارترینیان گرووپه‌كانی "یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال، هێزه‌كانی به‌رگری شنگال" و گرووپه‌كانی تری ئێزیدن كه له ڕووی هزر و ئایدۆلۆجیاوه به ته‌واوی پێوه‌ستن به په‌كه‌كه‌وه.
قه‌چاغ زیاتر گوتی، كه په‌كه‌كه ڕێگری له بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق ده‌كات و نایه‌وێ كه حكوومه‌تی خۆجێی هه‌ڵبژێردراو بگه‌ڕێته‌وه بۆ شارۆكه‌كه، بگره ئه‌وان خۆیان فه‌رمانگه فه‌رمییه‌كانی شارۆكه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن و واژوو له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌یش چه‌كدارانی په‌كه‌كه خه‌ریكی پرۆسه‌ی ڕفاندنی گه‌نجانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ و چهكداركردنیانن، حكوومه‌تی فیدڕاڵ به ته‌واوی ئاگه‌داری ئه‌و وردهكارییایانه و هه‌موو زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ئۆپراسیۆنه‌كان و تاوانه‌كانی په‌كه‌كه و گرتووخانه نهێنییه‌كان و ڕفاندنی منداڵان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خه‌ڵك و وه‌رگرتنی سه‌رانه له بازرگان و جووتیاران هه‌یه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه هێزه‌كانی سوپای عێراق ته‌نیا له ناوه‌ندی شارۆكه‌ی شنگال كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه به ئازادی ده‌سووڕێنه‌وه و هیچ به‌ربه‌ست و گرفتێك له‌به‌رده‌میاندا بوونی نییه.
به گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ئاماده‌نه‌بووه ناوی ئاشكرا بكرێت، توركیا به‌رده‌وام دۆسیه‌ی په‌كه‌كه ده‌خه‌نه به‌رده‌م شانده‌كانی عێراق و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه په‌كه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر خاكی توركیا، به‌ڵام هه‌رگیز چاوه‌ڕوان ناكرێ كه عێراق به زمانێكی توند و ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی ڕووبه‌ڕووی په‌كه‌كه له ناو خاكی عێراق ببێته‌وه، به‌وهۆیه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا له ناوچه جیا جیاكان بۆ هێرشكردنه سه‌ر بنكه و باره‌گه‌كانی په‌كه‌كه و به ئامانجگرتنیان به‌رده‌وامیان هه‌بێت.
هاوكات له سه‌ردانی ئه‌مڕۆی سوودانی بۆ ئه‌نكه‌ره و دیداری له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی توركیا، یه‌كێك له دۆسیه گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی نێو كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌ركۆماری توركیا و به‌رپرسانی توركیا دۆسیه‌ی بوونی په‌كه‌كه‌یه له نێو خاكی عێراق.
سه‌عید مسته‌فا ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ناهی له په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان باسی له چاره‌سه‌ری كۆتایی ئه‌و گرفته كرد و گوتی، چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كانی شنگال بریتییه له كۆتاییهێنان به بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له سنووری ئه‌و شارۆكه‌یه و جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی ڕێككه‌وتنی شنگال كه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا واژووی له‌سه‌ر كراوه. چونكه به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه و میلیشیاكان له‌و ده‌ڤه‌ره ده‌رده‌كرێن و ئاواره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان، حكوومه‌تی خۆجێی شه‌رعی دێته‌وه شنگال، ئه‌مانه‌یش كۆڵه‌گه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگالن.
سه‌عید هه‌ركی چاودێری سیاسی له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، هۆی سه‌ره‌كی جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنی شنگال بۆ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه ئه‌و گرووپه میلیشیایانه به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و یه‌كلاكه‌ره‌وه جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه، پێشتر فشار و هه‌ڕه‌شه‌یان له مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی پێشووی حكوومه‌تی عێراق كرد له جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه و ئێسته‌یش هه‌مان سیناریۆ له دژی سوودانی پێڕه‌و ده‌كه‌نه‌وه، هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه كه سنووره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه له‌گه‌ڵ سووریا له ژێر ده‌ستی خۆیان و چه‌كدارانی په‌كه‌كه بمێنێته‌وه، تا هه‌موو كارێكی نایاسایی تێدا ئه‌نجام بده‌ن.