لەمەودوا منداڵ لە تاقیگە دروست دەکرێت و دایك و باوکی ناوێ

:: PM:02:18:25/03/2023 ‌
"ئیكتۆلایف" یەكەم ئامێری دەستكردی سكپڕی لە دنیا، کە  تاقیگەی بەرھەمھێنانی منداڵە و زیاتر لە 50 ساڵە زانایان كار لەسەر دروستكردنی دەكەن.

ئەم تاقیگە بۆ بەرھەمھێنانی منداڵە بەشێوەی زانستی و دوور لە دایكان و باوكان، واتە شووشە و پۆدی تایبەت بۆ کۆرپەلە دروست دەکرێت بۆ ئەوەی گەشە بكەن. 

لەناو ئەو شووشەیە شلەیەكی دەستكرد ھەیە،  بەردەوام ھۆرمون و دژەتەن و ئۆكسجین و مادە خۆراكییەكانی تر كە پێویستە بۆ گەشەی كۆرپەكە، دابین دەكرێت. جگەلەوەش دەنگی دایك و باوكیشیان تۆمار دەكرێت، بۆ ئەوەی تا کاتی لە دایكبوونی دێت، ئەو كۆرپەیە دەنگی دایك و باوكیان بناسێتەوە.

سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی "ئیكتۆلایڤ" ئاماژە بەوە دەدەن کە پڕۆژەكە توانای دیاریكردنی ئاستی زیرەكی و رەنگی قژ و باڵا و تەنانەت رەنگی چاو و پێستی كۆرپەلەیشی ھەیە. ئەمەش شۆڕشێكی نوێیە لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا و ژیان دەباتە قۆناغێكی تر، بەڵام زۆر كەسیش دەڵێن "قۆناغێكی مەترسیدارە".

بیرۆكەی دروستكردنی تاقیگەیەكی لەم جۆرە، دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی لێكۆڵینەوەی زانایان و توێژەران کە زیاتر لە 50 ساڵە سەرقاڵی بەدیهێنانی ئەو خەونە و جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی لەم جۆرەن، تا بۆ یەكەم جار لە ساڵی ساڵی رابردوو 2022، باسیان لێ كرد و بە دنیا ناسێنرا. 

بڕیارە سیستمی زیرەكی دەستكرد، بۆ چاودێریكردنی تایبەتمەندییەكانی منداڵەكە ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، تا كاتی لەدایكبوون بەكار بھێنرێ و دابین بكرێت، ئەمەش بژاردەیەكی باشە بۆ ئەو ھاوسەرانەی ناتوانن بەشێوەیەكی سروشتی منداڵ بخەنەوە، نەك تەنیا ئەوان، بەڵكو پێشبینی دەكرێت ھەموو دایك و باوكێك پەنا ببەنە بەر پڕۆژەی ئیكتۆلایڤ و چیتر منداڵی سروشتی لە دایك نەبێت و ھیچ دایكێك بە دووگیانی نەبینرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی "میترۆی بەریتانی"، پلان ھەیە نزیكەی 75 خانووی تاقیگەیی دروست بكرێت، بۆ ھەر یەکێکیان 400 سكی دەستكردی تێدا دابنرێت، بەگوێرەی خەمڵاندن ئەو پرۆژەیە لە توانایدایە 30 ھەزار منداڵ لە ساڵێكدا بەرھەم بێنێت.

ئەو پۆدە یا شووشەیە، بەھەمانشێوەی سكی دایك دیزاین كراوە، بیرۆكەكەش دەگەریَِتەوە بۆ "بەرهەمهێنەر، فیلمساز و كۆمیونیكاتۆری زانست و زیندەوەرزانی ھاشم ئەلغیلی. 

ڕاپۆرتەكە لەسەر زاری ھاشم ئەلغیلی ئاماژە بەوە دەدات: سیستمی بنچینەی زیرەكی دەستكرد، چاودێریی تایبەتمەندی جەستەیی منداڵەكە دەكات و دەتوانێ بیپارێزێ لە هەر حاڵەتێکی نائاسایی بۆماوەیی شاراوە.

ماڵپەڕی میترۆ لە چوارچێوەی گوتەكانی ئەلغیلیدا دەڵێ: "ئێكتۆلایف ئەلتەرناتیڤێكی پارێزراو و بێ ئازارت بۆ دابین دەكات كە یارمەتیت دەدات منداڵەكەت بەبێ پەستان و ئازات بگەیەنیتە ناو ژیان، تەنیا بە پاڵنانی دوگمەیەک کە لە شووشەکەدا ژیانی رێک دەخات، بەگوێرەی تۆمارەکانی زانستەکە، دوای بەتاڵكردنی شلەی ئەمنیۆتیك لە سكی دەستكرد/شووشەکەدا، دەتوانی بە ئاسانی منداڵەكەت لە پەڕەی گەشەكردن لاببەیت، ئیتر دەست بكات بە ژیانی ئاسایی وەك ھەر مرۆڤێكی تر.

 ھەروەھا ئەلغیلی بانگەشەی ئەوەش دەكات كە پڕۆژەی سكی دەستكرد، دەتوانێ یارمەتی ئەو وڵاتانە بدات كە رووبەڕووی كێشەی كەمیی دانیشتووان بوونەتەوە، بەتایبەتی كۆریای باشوور، بولگاریا و ژاپۆن.

شارەزایان لەبارەی پڕۆژەیەی ئیكتۆلایف چی دەڵێن؟

شارەزایان لەو باوەڕەدان كە تەكنەلۆجیا دوور نییە لەوەی ببێتە واقیع لە داهاتوودا، ئاندرو شێنان پرۆفیسۆری منداڵبووب لە كۆلێژی كینگ لەندەن، بە "فێرست پۆست"ی گوت: "لە ڕوانگەی بابەتییەوە دەكرێ بە دابینكردنی ژینگەیەكی تەندروست و ئۆكسجینی بەردەوام و بەكارھێنانی تەكنەلۆجیا، ئەمە بەدەست بێنین.

لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێ: نموونەی زۆر ھەن بۆ ئەوەی خێرایی گەشەكردنی منداڵ زیاد بكات، ئەمە تەنیا نموونەیەكی سادەیە كە سكی دەستكرد وەك قۆناغی سەرەتای گەشەسەندنی منداڵێك كە ئەندامەكانی تێیدا دروست دەبن، کار دەکات.

ھەروەھا پڕۆفیسۆر جۆیس هارپەر سەرۆكی كۆمەڵەی زانستی زاوزێ و كۆمەڵگە لە پەیمانگەی UCL  بۆ تەندروستیی ژنان، بە فێرست پۆستی ڕاگەیاند، "گومانم نییە لە هەندێك خاڵدا، زۆربەی خەڵك لەلایەن ئای ڤی ئێف بەرهەم دەهێنرێت. ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە لە زانستدا رەنگ بداتەوە."

 ئەمە لە كاتێكدایە كۆمپانیاكە پێی وایە پڕۆژەی ئیكتۆلایڤ، بژاردەیەكی  زۆرباشە تا كۆرپە لە ژینگەیەكی تەندروست و پارێزراودا گەشە بكات و لە دایك بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دایك و باوك دەتوانن ھەر کاتێك بیانەوێت، بەھۆی بەرنامەیەكی تایبەتی كۆمپانیاكەوە لە رێی مۆبایلەكانیانەوە، راستەوخۆ وێنە و ڤیدیۆی گەشەی منداڵەكانیان ببینن، بەڵام ھەندێ كەس جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە بە دژەئاین و دژە بیروباوەڕ و سروشت لە قەڵەم دەدەن، لە كاتێكدا ھەندێك كەسی تر بەبیرۆكەی باشی دەزانن، بۆ ئەو دایك و باوكانەی بەھۆی نەخۆشی یان ھەر ھۆكارێكی ترەوە توانای خستنەوەی منداڵیان نییە، بەڵام ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەركەوتوو بێت، ئایا تەنیا ئەو كەسانەی توانای خستنەوەی منداڵیان نییە، پەنا دەبەنە بەری، یان تەواوی مرۆڤایەتی روو لە پڕۆژەی ئیكتۆلایڤ دەكات.
 
ئامادەكردنی : خەدیجە یاسین






وشە - تایبه‌ت