سواڵكەرێك گیرا كە خاوەن هەزاران دۆلار و دوو رەگەزنامەیە

:: PM:08:04:28/03/2023 ‌

كەسانێك هەن بەهۆی بێكاری یان نەبوونی كەسی كاركەر، پەنا بۆ داوای یارمەتی دارایی لە كەسانی تر دەبەن، رەنگە یاسا و شەرع تا ئاستێك دەستیان لەگەڵ ئەواندا سووك كردبێت، بەڵام كەسانی دەروون نزم و بازرگانان كارامەیی خۆیان لەو بوارەش بەگەڕ خستووە، ئەوان توانیویانە زیاتر سۆزی خەڵك بۆخۆیان رابكێشن و سەرمایە و قازانجێكی بكەن و كردوویانە بە پیشە، وەك ئەوەی لە مەغریب بەم دواییە ئاشكرا بوو.

دادگایەكی مەغریبی لە شاری ئەگادیر لە باشووری ئەو وڵاتە فەرمانی گرتنی شەش مانگی بۆ ژنە سواڵكەرێك دەركرد، كە بەر لە چەند رۆژێك لەبەردەم مزگەوتێك لەو شارە گیرا، لەوكاتەی سواڵی دەكرد و بە پۆشینی جلوبەرگی كۆن و دڕاو و پاڵكەوتن لەسەر زەوی سۆزی خەڵكی بۆخۆی راكێشاوە.

چیڕۆكی ئەو ژنە سواڵكەرە وەك سۆشیال میدیا و میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردووەتەوە، ئەوەیە كە خاوەنی سامانێكە بە سەتان هەزار دۆلار مەزندە دەكرێت و لە بانقە، هەروەها خاوەن دوو شوقەیە، یەكێكیان خۆی تیایدا دەژیت و ئەوەیتری بەكرێ داوە، جیا لەوانە خاوەن دوور رەگەزنامەیە، یەكیان مەغریبی و ئەیتریان هی وڵاتێكی ئەوروپاییە.   

گرتنی ئەو سواڵكەرە دوای هەڵمەتێكی تەناهی لە شاری ئەگادیر دێت كە ژمارەیەك سواڵكەر گیران، دوای خستنەڕوویان لەبەردەم دادگە، لە لێكۆڵینەوەكان دەركەوت ئەو سواڵكەرە دەوڵەمەندە و ئەوكارەی كردووەتە پیشە، ئەوەش وای كرد كە دادگە ئەو سزایەی بۆ ببڕێتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل