دەوڵەمەندترین سواڵكەری دنیا گیرا

:: PM:02:44:29/03/2023 ‌
دادگایەكی مەغریب، سزای ژنە سواڵكەرێكی بە گرتن داوە كە لەدوای لێكۆڵینەوە، دەركەوتووە چەندان خانووبەرەی بەناوەوەیە و چەكی بانكی هەیە و هاوكات رەگەزنامەی مەغریبی و سویسریی هەیە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 29ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی هەفتەیەك بەرلە ئێستە پۆلیسی مەغریب، هەڵمەتێكی بەڕێوە برد بۆ نەهێشتنی سواڵكەرەكان لەسەر شەقامەكانی وڵاتەكە، ژنە سواڵكەرێكیان گرتووە كە زۆر دەوڵمەند بووە و سواڵیشی كردووە، بۆیە دادگای مەغریب حوكمی گرتنی بۆ دەركردووە.

پێگەكە روونی كردووەتەوە، هەڵمەتەكەی پۆلیس مەغریب، لە شاری ئەكادیری باشووری وڵاتەكە بووە و لە بەردەم مزگەوتی "لبنان"، ئەو ژنەیان گرتووە و سواڵی دەكرد، لە لێكۆڵینەوەدا ئاشكرا بووە، دوو خانووی هەیە لەگەڵ چەندان خانوبەرەی تر لە شارەكانی تر، هەروەها چەكی بانكیی هەیە و پارەیەكی زۆری لە بانكدا داناوە، جیا لەوەی رەگەزنامەی مەغریبی و سویسریشی هەیە.

بۆیە كاتێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رووداوەكە بڵاو كراوەتەوە، خەڵكی مەغریب ناوی ئەو سواڵكەرەیان بە "دەوڵەمەندترین سواڵكەری دنیا" هێناوە.

دواتریش پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە، ئەو سواڵكەرە تەنیا سواڵكەر نییە كە دەوڵەمەند بێـت، دوو ساڵ بەرلە ئێستە سواڵكەرێك لە هەمان شاردا گیراوە و باس لەوە دەكرێت، دوای ئەوەی سواڵ كردووە، چووەتە شوێنێك و بە نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێل شوێنەكەی بەجێهێشتووە، كاتێك گیراوە و لە لێكۆڵینەوەدا ئاشكرا بووە كە ئۆتۆمبێلەكەی هی خۆی بووە و بە پارەی سواڵ كڕیویەتی.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د