رۆمانی "نیوەمر" چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:10:39:30/03/2023 ‌

"نیوەمر"، ناونیشانی رۆمانێكی گێڕانەوەی مێژووییە لە نووسینی دڵدار داڵەڕێ، لە دووتوێی 180 لاپەڕەدا لە چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی چاپ  و بڵاو دەكرێتەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی رۆمانەكەوە، دڵدار داڵەڕێی نووسەر  بە "وشە"ی گوت، "نیوەمر"، ناونیشانی رۆمانێكی گێڕانەوەی مێژووییە،  نووسینەوەی ئەم چیڕۆكە كاتێكی زۆری ویست، لەبەر ئەوە نا كە ئاڵۆز بێت، بەڵكو بەهۆی دۆخە سەختەكانەوە بوو كە "رێوار" تێی كەوتووە.

"رێوار"، كە كارەكتەری سەرەكیی ناو رۆمانی "نیوەمر"ە، لە كۆتاییدا پێمان دەڵێت، بۆ ئەوەی بەراستی هەست بە عیشق و كوردبوون بكەیت، دەبێت سەرەتا ئەزموونی ئازارێكی گەورە بكەیت، "رێوار" لە گوندێكی دوورەدەست دەژیێت، بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر هیچ شتێكی دەرەوەی گوندەكەی هەبێت، بۆیە بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت كە خۆیشی ناوەكەی نازانێت.

روونی كردەوە، "رێوار" ئەو كەسەی تەنیا لە خەوندا بینیوە كە بانگی دەكات، ئەوەی لە خەوەكەدا دەیبینێت، كچێكی شۆخ و شەنگی دیلكراوە، لەبەر جوانییەكەی ناوی دەنێت "نێرگز"، پێ بە پێ و چیڕۆك لە دوای چیڕۆك دەگەڕێت، سەر دەكات بە كۆڵانەكانی مێژوو، بەڵكو ئەوەی بینیویەتی لە راستیدا هەبێت و بیدۆزێتەوە.

نووسەر ئاماژە دەكات، "رێوار"، دوای ئەوەی بۆ گەڕان بەدوای "نێرگز"ەكەی گوندەكەی بەجێ دەهێڵێت و روو لە شار دەكات، لە شەو و رۆژێكدا ژیانی بەتەواوی دەگۆڕێت، لە خەوێك بۆ عیشق، لە عیشقەوە بۆ نیشتمان و پرسە گرنگەكە، رۆمانی "نیوەمر"، عەشق و نیشتمان پێكەوە دەبەستێتەوە و بایەخی هەردووكیان بەرز دەنرخێنێت، رووداوی ناو چیڕۆكەكەش پشت بە چیڕۆكێكی راستەقینە دەبەستێت، كە بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە. 

شایەنی باسە رۆمانی " نیوەمر"، لە دووتوێی 180 لاپەڕەدا لە چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی چاپ  و بڵاو دەكرێتەوە، بەمزووانە دەكەوێتە بەر دیدەی خوێنەر، دڵدار داڵەڕێ، لەدایكبووی ساڵی 1995ی  دەڤەری بادینانە، خاوەنی چوار بەرهەمی ترە بە ناوەكانی، زەكەریای كورد، یاداشتی 2139، دەستكەوتەكانی كورد و شاپەڕ.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل